پەرلەمانتارانی فەڕەنسی: پێویستە کۆتایی بە دانوستانەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بهێنرێت

٢٧ پەرلەمانتاری فەڕەنسی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد کە کۆتایی بە پرۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بهێنرێت.

لە ڕۆژنامەی لی جۆڕناڵ دو دیمانچیدا ٢٧ پەرلەمانتاری فەڕەنسی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە داوای کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا دەکەن.

پەرلەمانتاران دەڵێن، "بەرلە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا کە تایبەت لەبارەی ئەم پرسەوە بەڕێوەدەچێت، ئێمە وەک پەرلەمانتار، سیناتۆر و کۆمارپارێز و پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوا لە سەرۆککۆمار دەکەین کە ئەو ناتوانێت بەتەنها پڕۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕابگرێت. فەڕەنسا ئیدی پێویستە داوا بکات تورکیا بە تەواوی یەکێتی ئەوروپا بەجێ بهێلێت."

پەرلەمانتارانی فەڕەنسی لەبارەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا رایانگەیاند، لێدوانەکانە توندەکانی ماکرۆن لەبارەی تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورک بەس تێرکەر نین و پێویستە ماکرۆن بە ئاشکرا بە تورکیا ڕابگەیەنێت کە جێگای لەناو یەکێتی ئەوروپادا نابێتەوە، هەروەها داوایان لە ئەنگێلا مێرکل و سەرۆکی دەوڵەتانی تریش کرد کە لەبەرانبەر تورکیا هەڵویستی جددیان هەبێت."

پەرلەمانتاران باسی ئەوەیان کرد، "ئێمە بە ئاشکرایی دەڵێین، نە جۆگرافیا، نە مێژوو و نە کەلتوری تورکیا، ئەوروپی نین. وەک هەندێک وڵات ئێمەش ئیدی قبوڵی ناکەین یەکێتی ئەوروپا فراوان بکرێت. ئێمە بۆ ئەوەی هەندێک لایەن ڕازی بکەین، قەدەری خۆمان ناگۆڕین، دەمانەوێت فەڕەنسا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە پڕۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بکشێتەوە کە هیچ واتایەکی نەماوە."

ف.ق