پەرلەمانی میسر لەسەر پێدانی مۆڵەتی دەستوەردان لە لیبیا کۆدەبێتەوە

سەید شەریف جێگری سەرۆکی پەرلەمانی میسر،شەوی ڕابردوو لە تەلەفزیۆنی  وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەسەر پێدانی مۆڵەتی دەستوەردانی سەربازی میسر لە خاکی لیبیا، بە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

بە وتەی شەریف، پەرلەمانی میسر لە دانیشتنی داخراوی ئەمڕۆی خۆیدا، لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سیسی بۆ دەستێوەردانی سەربازیی و ناردنی سەرباز بۆ لیبیا بڕیار دەدات.

دەوڵەتی میسر پێشتر هۆشداریی دابوو کە بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری دۆخی لیبیا دەکات و لەم پێناوەدا، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و جیهانی عەرەب، ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر.

هەر شەوی ڕابردوو، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر جەختی لەوە کردەوە، کە دۆخی لیبیا و گۆڕانکارییەکانی، دەستوەردانە دەرەکییەکان و ناردنی چەتە توندڕەوەکان بۆ لیبیا، ‌هەڕەشەیەکی جدییە بۆ میسر و وڵاتانی عەرەب.

شوکری ڕاشیگەیاند: لە کاتێکدا میسر بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی لە لیبیا کە یەکێتی، سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە مسۆگەر بکات هەوڵدەدات، دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی لە چەتە توندڕەوەکان دۆخەکە بەرەو گرژیی زیاتر دەبات.

ف.ق