ڕووسیا: كه‌ كاتی خۆی هات، ده‌بێ سه‌ربازانی توركیا له‌ سووریا بكشێنه‌وه‌

ئه‌لێكسانده‌ر لاڤره‌نتیه‌ڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، كه‌ كاتی خۆی هات، پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا له‌ سووریا.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا توركیا ده‌رباره‌ی داهاتووی سووریا به‌ به‌شداری ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا و ڕووسیا «كۆبوونه‌وه‌ی سووریا» ساز بكات. له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ئه‌لێكسانده‌ر لاڤره‌نتیه‌ڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا لێدوانێكی سه‌رنجڕاكێشی دا.

«ئێمه‌ پێداگری له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا ده‌كه‌ین»

نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیا بۆ ئاژانسی ڕووس قسه‌ی كرد و گوتی: «ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر بابه‌تی ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ربازانی توركیاوه‌ كۆنتڕۆڵ كراون، ئه‌و شوێنانه‌‌ ده‌كه‌ونه‌‌ نێوان عه‌زاز و جه‌رابلووس و ده‌ڤه‌رێكی زۆر به‌رفره‌وانه‌. له‌پێناو ئه‌وه‌ی سیسته‌مێك له‌ ئیدلیب بونیاد بنرێت، توركیا خۆی خستووه‌ته‌ ژێر باری چه‌ند به‌رپرسیاره‌تییه‌ك. ئێمه‌ هه‌میشه‌ گوتومانه‌ كه‌ له‌ دوای كۆتایی هاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان و ئه‌ركه‌كانیان، ده‌بێ سه‌ربازانی توركیا له‌و هه‌رێمه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێك هاوڵاتییان سیڤیل بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی پارێزراو بژین، ئێمه‌ پێداگری ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا له‌و شوێنانه‌ بكشێنه‌وه‌. دواتر یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

سووریا: ئێمه‌ توركیا ده‌رده‌كه‌ین!

به‌شار جه‌عفه‌ری نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی هه‌میشه‌یی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی سووریا دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سۆچی-دا كه‌ توركیاش تیایدا به‌شداربوو، لێدوانی هاوشێوه‌ی ڕووسیای دا.

جه‌عفه‌ری ده‌ستنیشانی كرد كه‌ جێگیربوونی توركیا له‌ وه‌ڵاته‌كه‌یان «داگیركاری»یه‌، حكوومه‌تی سووریا هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو وه‌ڵات بخاته‌وه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و چاوی خۆیان له‌ مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ناگرن. جه‌عفه‌ری گوتیشی: «ئێمه‌ ده‌ریانده‌كه‌ین.»

s.m