ڤایرۆسی کۆرۆنا: ژمارەی قوربانیان ڕوولەزیادبوونە، ڕێکخراوی تەندروستی دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند

بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە سەرەتا لە شاری هووانی چین سەریهەڵدا و بە خێرایی لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، تا ئێستا ٢١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند.

ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە وڵاتانی جیهان بڵاودەبێتەوە. لە دوێنێ شەوەوە نزیکەی ٤٢ کەسی تر لە چین گیانیان لەدەستدا. بە پێی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە هەشت هەزار و ١٠٠ کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

لە ئەڵمانیا ژمارەی تووشبووان بۆ ٥ کەس بەرزبووەوە و لە ئیتاڵیاش دوو حاڵەت تۆمارکرا.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە لە چینەوە سەری هەڵداو و لە ئێستادا بە زیاتر لە ١٨ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، باری نائاسایی لە جیهاندا ڕاگەیاند.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەماهەنگ هەبێت.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆن لە جنێڤ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی خیرای ڤایرۆسەکە لە جیهاندا دەڕبری.

ئەدهانۆن وتی " هۆکاری سەرەکی بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە جیهاندا تەنها لەبەر ئەوە نیە کە لە چین ڕوودەدات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەیە ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت بەو وڵاتانەدا بڵاوببێتەوە کە سیستمی تەندروستی لاوازیان هەیە و لەتوانایاندا نیە و ئامادە نین ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببنەوە."

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی جیهانی دەبێتە هۆی خەرجکردنی پارە و سامانی زیاتر، بەڵام لەوانەشە ببێتەهۆی ئەوەی حکومەتەکانی جیهان کۆتوبەند بخەنە سەر گەشتکردن و بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە.

ف.ق