ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ گیان لەدەستدان گەیشتە ٥٦٣ کەس

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوەوە ژمارەى ئەو کەسانەى گیانیان لە دەستدا گەیشتە ٥٦٣ کەس.

بەپێى دوایین ئاماری دەزگاى تەندروستیى نیشتمانیى چین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٥٦٣ کەس گیانیان لە دەستداوە. ئەو کەسانەشی تووشی ڤایرۆسەکە بوون ژمارەیان ٢٨ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

جگە لە چین ٢ کەس لە وڵاتانى فیلیپین و هۆنگ کۆنگ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

ئاژانسى هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، جگە لە چین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ٣١ وڵاتى تردا بڵاوبووەتەوە و ٢٨٥ کەسیش تووشی پەتاکە بوون.

سەدان پسپۆڕ بۆ دۆزینەوەى چارەسەر کۆدەبنەوە

رێکخراوى تەندروستیى جیهانی (WHO) رایگەیاند، لە رۆژانی ١١ و ١٢ی شوبات / ٢٢ و ٢٣ی رێبەندان سەدان پسپۆڕ لە شاری جنێڤی سویسرا کۆدەکەنەوە و کۆنفرانسێک رێکدەخەن. کۆنفرانسەکە لەسەر دەرمان و چارەسەرکردنى ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.

ئەوەش راگەیاندرا، بەمزوانە دەستەیەکى نێونەتەوەیى دەچنە چین.

تارک جاسارەڤیچ وتەبێژی رێکخراوى تەندروستیى جیهانی رایگەیاند، لە ئێستادا چارەسەرییەکى بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری (2019-nCoV) نییە.

ژ.ت