ڤیدیۆى ریسوایى ئەوروپا بەرامبەر بە پەنابەران!

پۆلیسى کرواتیا سەرباری سەرما و سۆڵە چەندین پەنابەر کە چووبوونە ئەو وڵاتە بە زۆر لەو وڵاتەکەیان دەریان دەکەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ بۆسنیا. ڤیدیۆى ئەو ریسواییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.

بەپێى یاسای یەکێتیى ئەوروپا ئەو پەنابەرانەى لە بۆسنەوە دەپەڕنەوە بۆ کرواتیا دەبێت لە خاکی یەکێتیى ئەوروپادا بمێننەوە، بەڵام کرواتیا کە ئەندامى یەکێتیى ئەوروپایە و دەبێت پێبەندی ئەو یاسایە بێت یاساکە پێشێل دەکات و بەشێوەى نایاسایى پەنابەرەکان لە وڵاتەکەى دەردەکات و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتى بۆسنیا کە ئەندامى یەکێتیى ئەوروپا نییە.

رێکخراوى نێودەوڵەتیى چاودێریکردنی توندوتیژیى سنوورەکان (BVM) ڤیدیۆیى ئەو پەنابەرانەى بڵاوکردەوە، کە پۆلیسى چەکدار لە رێگەى دارستانەکانەوە لە کرواتیا دەریان دەکەن و دەیانبەن بۆ سنووری بۆسنە.

دەوترێت ١٣٢ ڤیدیۆ لەسەر ٥٠ دەستەى پەنابەران تۆمارکراون. لەو ڤیدیۆ بڵاوکراوانەدا پۆلیسی کرواتیا توندوتیژی بەرامبەر بە پەنابەران ئەنجام دەدەن.

ئەو شوێنەى کە پۆلیسى کرواتیا توندوتیژیى تیادا بەرامبەر بە پەنابەران ئەنجامداوە و پەنابەران بە زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ بۆسنیا ناوچەى ئوزلژیبکە لە لۆهۆڤیی وڵاتى کراوتیا لە نزیک سنووری بۆسنیا.

دواى بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکانى توندوتیژی بەرامبەر بە پەنابەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، راى گشتى کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە و لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێت بەرپرسانى کراوتیا لەوبارەیەوە روونکردنەوە بدەن.

 

ر.م