کۆمەڵە چەپەکانی تورکیا لەلایەن دەزگا سیخوڕیەکانی ئەڵمانیاوە چاودێریی دەکرێن

دەزگای پاراستنی دەستووریی بنەڕەتیی کە ناوەندێکی سیخوڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیایە، لەسەر کاروچالاکیەکانی تەڤگەری چەپی تورکیا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی بڵاوکردەوە. ئەودەزگا سیخوڕییە باس لەوەدەکات کە ٢ هەزار و ٥٥٠ ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە لە ئەڵمانیا هەیە.

 

دەوڵەتی فیدراڵی ئەڵمانیا کە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران لە تورکیا، دەیەوێت پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغان بەهێز بکات، لە نزیکەوە چاودێریی تەڤگەری چەپی تورکیا لە ئەڵمانیا دەکات. دەزگای پاراستنی دەستووریی بنەڕەتیی کە دەزگایەکی سیخوڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیایە، لەسەر کاروچالاکیەکان کە لەلایەن تەڤگەری چەپی تورکیا ساز دەکرێن، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە ٣٨ ڕووپەل پێکدێت، باسی مێژوو، ئامانج و شێوازی خەباتی تەڤگەری چەپی تورکیا لە ئەڵمانیا دەکات. ئەو دەزگا سیخوڕییە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ٢ هەزار و ٥٥٠ ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە لە ئەڵمانیا هەیە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا بە بەرفراوانی باس لە کار و کۆبوونەوەی 'دەهەکەپە – سی'، 'تەکەپە/ئێم ئێل' و 'مەلەکەپە' کراوە.

 

'ڕۆژئاوا گروپە چەپەکانی خستە جموجوڵەوە'

ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی 'لایەنە چەپە تووند و ڕادیکاڵەکان و ئەو ڕێکخراوانەی پێوەی گرێدراون' بڵاوکراوەتەوە. تێیدا هاتووە کە 'دەهەکەپە- سی' لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لە ئەڵمانیا قەدەغەکراوە و تا ئێستاش سزای زیندانیی بۆ ٦٠ ئەندامیان بڕاوەتەوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە پاش قەدەغەکردنی ئەو ڕێکخستنە، کارەکانی ڕێکخستنی خۆیان بۆ وڵاتانی بەلجیکا و هۆڵەندا گواستووەتەوە و ڕاشگەیەندراوە کە ئەڵمانیا بۆ ئەو ڕێکخراوە لە ئەوروپا وڵاتێکی زۆر گرنگە. بە گوێرەی ڕاپۆرتە سیخوڕیەکەی ئەڵمانیا، 'دەهەکەپە- سی' ٦٥٠ ئەندامی لەو وڵاتەدا هەیە.

هەمان زانیاریی دەربارەی ڕێکخراوی 'تەکەپە/ ئێم ئێل' لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە و بانگەشەی ئەوە کراوە کە ژمارەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە هەزار و ٣٠٠ ئەندامن. لە ڕاپۆرتەکەدا بە بیرهێنراوەتەوە کە ئەو ڕێکخراوە ئەندامی تەڤگەری شۆرشی یەکێتی گەلانە و باسی کارەکانی ئەم ڕێکخراوە لە تورکیا کراوە. ڕاشگەیەندراوە کە ڕۆژی ١٢ی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ تەڤگەری شۆڕشی یەکێتی گەلان بە پێشەنگیی پەکەکە دامەزراوە. ئامانجی ئەوانیش تێکۆشانی هاوبەشە لە دژی ڕژێمی ئاکەپە.

حزبی 'مەلەکەپە'، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە. دەزگای سیخوڕیی ئەڵمانیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە ٦٠٠ ئەندامی ئەو حزبە لە وڵاتەکەیاندا هەیە و لەژێر ناوی ڕێکخراوە مەدەنییە جیاوازەکاندا کاری خۆیان دەکەن. لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر بانگەوازەکان کە بۆ تێکۆشان لە دژی داعش و ڕژێمی ئاکەپە کراون.

خاڵێکی تر کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، قسەوباسە لەسەر ڕۆژئاوا. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە چەمکێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، ئەویش چەمکی 'ڕۆژئاوا'یە و ئەو سەردانانەی کە دەکرێن بۆ ڕۆژئاوا، کاریگەریان لەسەر تەڤگەرە چەپەکانی تورکیا کردووە لە ئەڵمانیا. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە زۆر کەس لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوە چەپانە بۆ تێکۆشان خۆیان گەیاندووەتە ڕۆژئاوا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا شرۆڤەیەکی بەم شێوەیە کراوە: "ئەگەرچی ئەم کۆمەڵە و ڕێکخستنانە لە ئەڵمانیا تێکۆشانی دوور لە تووندوتیژیی بەڕێوە دەبەن و بۆئەوەی پشتیوانی لە هاوڕێکانی خۆیان بکەن لە تورکیا کار دەکەن، بەڵام بۆ ئەمنیەتی تورکیا هەڕەشەن."

ک-ش