کەمپەینێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ڕاگەیەنرا

بە دەستپێشخەری سەندیکاکانی بەریتانیا و بەبەشداری دەیان کەسایەتی بەریتانی و ئەورووپی و جیهانی و کورد، کۆبوونەوەیەکی بەشێوازی ئۆنلاین ڕێکخرا و تێیدا کەمپەینێکی نوێ نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بەناوی "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە" ڕاگەیەنرا.

سەندیکاکانی شانشینی بەریتانیا کە ملیۆنان ئەندامیان هەیە، لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە کەمپەینی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالانیان دەستپێکردوە و تا بە ئەمڕۆ بەردەوامی پێدەدەن. شەوی ڕابردوو، لە بەردەوامی ئەو کەمپەینەدا سەندیکاکانی بەریتانیا بەشێوازی ئۆنلاین کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخست و تێیدا دەیان کەسایەتی لە سیاسەتمەدار، ئەکادیمیسیەن، ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەوانانی بەریتانی و ئەورووپی و جیهانی و کورد بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەندیکانانی بەریتانیا و کەسایەتییەکان، کەمپەینێکی نوێیان بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بەناوی "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە" ڕاگەیاند و خوازیاری هەرچی زووە ئازادکردنی ئۆجالان بوون.

بەرپرسی پەیوەندیە دەرەکیەکانی سەندیکای یونایت سایمن دوبنس، بەشێوازە تایبەت و سەرنج راکێشەکەی خۆی کۆبوونەوەکەی بەرێوەدەبر و ئەوەش بووە مایەی سەرنجی هەمووان.
دوبنس بە ئاماژەدان بە هاتنی کاتی ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەستی بە ئاخاوتن کرد و وتی: کۆبوونەوەکەمان بە دەستەواژەی "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە" دەست پێدەکەین و لە ئێستەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەمپەینێکی بەهەمان ناو و نیشان بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان ڕادەگەیەنین.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاخێوەران، بەفراوانی باسیان لە کەسایەتی، هزر و ڕامانی ئۆجالان کرد و ڕۆڵی ئەویان لە ئاشتی و ئارامی و چارەسەریدا بە بایەخەوە هەڵسەنگاندن و ئازادکردنی ئۆجالانیان گرێدایەوە بە پێشخستنی ئاشتی و چارەسەری لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین.
هەروەها بەراورد لە نێوان ئۆجالان و نێلسۆن ماندیلا کرا و ئۆجالان بە ماندێلای ڕۆژهەڵاتی ناوین بەناو کرا.

لۆید روسێل مۆی ئەندام پارلەمانی پارتی کرێکارانی بەریتانی لە بەشی گفتۆگۆی زیندوودا باسی لە خەباتی پارتەکەیان کرد بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد و چۆنیەتی فروانکردنی ئەو پشتیوانییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵسەنگاند و ئاماژەی بە بایکۆتکردنی ڕژێمی تورکیادا و وتی: دەبێت لە مژاری بایکۆت دا جیاوازی لە نیوان گەل و دەوڵەتی تورکیادا بکرێت و بە تایبەتی بایکۆتەکە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بگرێتەوە.

هەروەها سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی مامۆستایانی بەریتانیا کریستین بۆڵوێر، ڕاوەستەی لە سەر گرنگی ئازادی ئۆجالان کرد و خوازیاری کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان و هەرچی زووە ئازادکردنی بوو. 

سەرۆکی کۆمسیۆنی مەدەنی یەکیتی ئەورووپا پرۆفیسۆر کاریان وێسترهایم یەک لە ئاخێوەران بوو و لە قسەکانیدا ئۆجالانی بە مامۆستای گەلی کورد و مامۆستای سەرجەم مرۆڤایەتی بەناو کرد و وتی: دەبێت ئۆجالان لە پێناوی ئاشتی و چارەسەریدا وەک ماندێلا ئازاد بکرێت و لەگەڵیدا دەست بە گفتوگۆ و دانوستان بکرێت.

ئەندام پارلەمانی هەدەپە هشیار ئۆزسۆی یەکێکی دیکە لە ئاخێوەران بوو و ئەو لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی ئەگەری ئازادکردنی ئۆجالانەوە وتی:
ڕژێمی ئەردۆ‌غان هێندە خۆی بە پارتی نەتەوەپەرست و فاشیستی مەهەپەوە وابەسەت کردوە، ئەگەر بشییەوێت مژاری ئازادکردنی ئۆجالان بخاتە ڕۆژەڤەوە، ئەوا لە ترسی ئەو پارتە ناوێرت شتێکی وا بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە زیاتر لە 2 کاتژمێری خایاند، چەندین کەسایەتی دیکەی کورد و دۆستی گەلی پەیامی زیندوو و ڤیدیۆییان پێشکەش کرا و لەوانەش: ئۆگموندەر جۆنەسن وزیری پێشووی دەرەوەی ئایسلەند، ڕۆژنامەوان دێبی بۆکچین، مانۆئێل کۆرتێس، فەلەکناس ئۆجا، کەیت ئۆزبۆن ئەندام پەرلەمانی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، دێلیس جوێل ئەندامی سێنەتی پارتی وێڵز بۆ باشوری هەرێمی وێڵز.

 

هـ.هـ