گەورەترین کامپی پەنابەرانی یونان سووتا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە چەند شوێنێکی کامپی ‘موریا’ لە دوورگەی ‘لسبوس’ی یۆنان، ئاگر کەوتەوە، بە هەڵبوونی با، ئاگر بەناو تەواوی کامپەکە و دەوروبەریدا بڵاوبووەوە.

وتەبێژی حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند: ئاگرکەوتنەوەکە بە مەبەست بووە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەنابەران هەوڵیانداوە، پێش بە کاری کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بگرن.

لە بەرامبەردا پەنابەرانی کامپەکە، خەڵکی دوورگەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بە مەبەست کامپەکەیان سووتاندووە تا پەنابەران تێدا نەمینن.

بەم دواییانە، پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ دوای پشکنین، تووشبوونی بە کۆرۆنا پشتڕاست بووەوە، بۆیە کامپەکە ماوەیەکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە.

لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو کامپەکە سووتاوە، پەنابەرەکان گوازراونەتەوە بۆ کامپەکەانی دیکەی دوورگەی لسبوس.

جێگای ئاماژەیە کامپی موریا لە دوورگەی لسبوس، سەرەڕای ئەوەی کە بۆ کەمتر لە سێ هەزار پەنابەر دروستکراوە، بەڵام تا شەوی ڕابردوو نزیکەی ١٣ هەزار پەنابەر تێدا ژیاون، ئەم کامپە لە خراپی دۆخی نیشتەجێی بوونی پەنابەران بەناوبانگ بووە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتی ئەروپا بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر دۆخی ئەو کامپە.

ف.ق