یادی شەهیدان زەکی شەنگالی و ئاتاکان ماهیر لە سوید و ئەڵمانیا بەرز ڕاگیرا

یادی شەهیدان ئاتاکان ماهیر 'ئیبراهیم چۆبان'، یەکێک فەرماندەکانی 'هەپەگە' و زەکی شەنگالی ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ئێزدیی و ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کەجەکە زەکی شەنگالی، لە شارەکانی ئوپسالای سوید و شاری درەسدەنی ئەڵمانیا، بە چالاکی بەرز ڕاگیرا.

 

سوید – ئوپسالا

مەراسیمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان لە شاری ئوپسالای سوید بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. لەو مەراسیمەدا سیاسەتمەداری کورد حەسەن ئینجە دەربارەی هەردوو شەهید زەکی شەنگالی و ئاتاکان ماهیر دوا.

ئینجە دەستنیشانی کرد کە زەکی شەنگالی لە کاتی خەبات و تێکۆشان لەناو یەکێتیی کرێکارانی کوردستاندا ناسیوە و ئاتاکان ماهیریشی لە قەندیل ناسیوە. ئینجە وتیشی "لە تێکۆشانی کوردستاندا، نرخ و بەهای گەورەی هەردوو هەڤاڵی شەهید هەیە. لە کوردستان باوەڕی جیاواز جیاواز هەن. کۆمەڵگای ئێزدییش بەسایەی هاوڕێ زەکی شەنگالی ئێمەیان ناسی."

پاشان جەبار ئەمین ئەندام پەرلەمانی سوید لە پارتی سەوز و ئەمین مۆسکان لە پارتی لیبرالی ئەو وڵاتە دوان و هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیایان لەسەر کوردستان شەرمەزار کرد.

هەروەها پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی جیانێت ئەسکنیلا بەهەمان شێوە هیرشەکانی دەوڵەتی تورکیای لەسەر کوردستان شەرمەزار کرد و وتی "لە بەرامبەر یادکردنەوەی شەهیدانی کوردستاندا، بەژنی خۆمان نەوی دەکەین."

هەر لەو مەراسیمی ڕێزگرتنەدا لە شەهیدان، هاوسەرۆکی کنگرەی گەل ڕەمزی کارتال وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕەنج و دەستکەوتی شەهیدان لە کوردستان و تورکیا. کارتال لە وتارەکەیەدا وتیشی "هەموو هاوڕێکانمان بۆ وڵات و گەلەکەیان فیدایین و ئامدەن هەر ساتێک بێت شەهید ببن. هەتا گەلەکەمان و ڕێبەر ئاپۆ و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئازاد نەبن، تێکۆشانی ئێمەش بەردەوام دەبێت. دەوڵەتی تورکیا لە شۆڕشی ڕۆژئاوا ترسا، هەربۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات. لەبەرئەوەش تورکیا لە بواری ئابووریدا بەرەو لەناوچوون دەچێت و بێ چارە ماوەتەوە."

 

ئەڵمانیا- درەسدەن

لە شاری درەسدەنی ئەڵمانیاش، بەهەمان مەبەست، مەراسیمێکی یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە شەهیدان زەکی شەنگالی و ئاتاکان ماهیر ڕێکخرا. لەو مەراسیمەدا هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان 'کەجەکە' جەمیل باییک لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیامێکی دا بە ئامادەبوان و ئەوەش سەرنجی زۆری کوردستانیانی بەشداربووی ئەو مەراسیمەی ڕاکێشا.

لە وتارەکانی تردا کە لەو مەراسیمەدا خوێندرانەوە، باس لە گرنگی تێکۆشان کرا و پەیامێکی بەم شێوەیە درا:

بۆئەوەی شایەنی خاوەنداریەتی لەو شەهیدانە بن، بازنەی تێکۆشان مەزنتر و فراوانتر بکەن.