یەکێتی عەرەبی: پلانی ترامپ پێشێلکردنی مافی فەلەستینیەکانە

یەکێتی عەرەب ناڕەزایەتی خۆی پیشاندا بەرامبەر بە پلانەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە خستنەڕووی پڕۆژەی چارەسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێتیەکە ڕاشیگەیاند کە ئەم پلانە پێشێلی مافی فەلەستینیەکان دەکات.

پلانی چارەسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕۆژی سێشەممە ی ئەم هەفتەیە لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە خرایەڕوو بە توندی لەلایەن فەلەستینیەکانەوە ڕەتکرایەوە.

ئەحمەد ئەبولغەیث سکرتێری گشتی یەکێتی عەرەبی ڕایگەیاند: ئێمە پلانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ورد لێکۆڵێنەوەی لەبارەوە دەکەین و هەوڵدان بۆ ئاشتی لەهەموولایەکەوە کراوەیە.

ڕاشیگەیاند: ئەو پلانە وەکو پێشێلکردنێکی مافی ڕەوای فەلەستینیەکان دەبینرێت.

سکرتێری گشتی یەکێتیەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نەبینینی داگیرکاری ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧وە یاخود ڕەواکردنی، ڕێگە لەبەردەم ئاشتی ناکاتەوە.