یەکێتیی ئەورووپا ڕێكاره‌كانی له‌ به‌رانبه‌ر ڕووسیا بۆ ماوەی ٦ مانگی دیكه‌ درێژكرده‌وه‌

٢٨ وه‌ڵاتی نێو یەکێتیی ئەورووپا، بەهۆی قەیرانی ئۆكراینا، بڕیاریاندا کە ڕێكاره‌ ئابوورییەکان له‌ به‌رانبه‌ر ڕووسیا، بە فەرمی بۆ ماوەی ٦ مانگی دیكه‌ درێژ بکەنەوە.

سه‌ركرده‌كانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە گوزارشت له‌ وه‌ڵاتانی ئەندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دەکه‌ن، لەسەر هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریاندا کە ڕێكاره‌ ئابوورییەکان له‌ به‌رانبه‌ر ڕووسیا بۆ ماوەی شەش مانگی دیكه‌ درێژ بکەنەوە.

لە کۆبوونەوەی لوتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، پاش وتووێژەکان ده‌رباره‌ی پرسی پەنابەران، دەربارەی قەیرانی ئۆکراینا و پەیمانی مینسک گفتوگۆ و وتووێژ كرا.

بڕیاری ڕێكاره‌ ئابوورییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر ڕووسیا لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ درابوو، کاتێک کە قەیرانی ئۆکراینا سەخت و قورستر بوو و هەرێمی کریم-ی ئۆکراینا خرایە سەر ڕووسیا. سەرکردەکانی ئۆکراینا و ڕۆژئاوا، ڕووسیا تاوانبار دەکەن به‌وه‌ی پشتگیری ڕاپه‌ڕیوه‌كان ده‌كات و چه‌كیان پێده‌دات. ڕووسیاش ئەوە ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

یەکێتیی ئەورووپا هەروەها بڕیاری ڕێكاری ئابووری له‌ به‌رانبه‌ر ١٥٠ کەسی دەوڵەمەند دەرکرد کە هەندێک لەو کەسانە نزیکن لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیاوە. دەوڵەمەندیی ئەوان لە بانکەکانی ئەورووپا ڕاگیرا و ڤیزاشیان لێ قەدەغە کرا.

s.m