هاوڕێ کوردی: لەهەر شوێنێک کوردێکی ئازاد هەبێت (پەدەکە) دژایەتی دەکات -١-

هاوڕێ کوردی چالاکوان دەڵێت: "زۆرجار ڕەخنە لە دەسەڵاتی هەرێم دەگرین و دەڵێین ئێوە هاوئاهەنگ وهاوبیری داگیرکەرانی کوردستانن ئەوانیش هێرش دەکەنە سەرمان و بریندارمان دەکەن و دەستگریمان دەکەن".

هاوڕێ کوردی چالاکوانی دیاری باشوری کوردستان و شاری هەولێر لە بواری مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر دەنگی ئازاد، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و ژنان، تەسلیمی بوونی دەسەڵاتی هەرێم بە داگیرکەر، بەردەوام بوونی هێرش و داگیرکارییەکان بەتایبەتی کیمیاباران کردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، هەروەها سەرکوتکردنی هاونیشتیمانیان لەلایەن (پەدەکە)وە لەپێناو داگیرکەر و چەند پرسیکی دیکەی هەستیار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ئازادی ڕادەڕبرین مافی مرۆڤ کراوە

سەبارەت بە دۆخی قڕكردنی ئازادی ڕادەڕبرین و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەلایەن (پەدەکەوە)، هاوڕێ کوردی چالاکوانی مەدەنی و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ ووتی: "بارودۆخی سیاسی لە چەند ساڵی ڕابردوو و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران لە هەرێمی کوردستان بووە بەبابەتی رۆژ،  کە زۆرترین پێشێلکاریی بەرامبەر ئەم پرسە ئەنجامدراوە، دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ئاشکرا سیستەمی ئاغایەتی بچەسپێنێت و کەسێک خاوەن بڕیاری کۆتایی بێت و ئەوانەی دیکەش سەپان بن و سیستەمی (ئاغایەتی و سەپانی) وا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە".

بەدەیان سەرچاوەی ئابوری حکومەتی هەرێم نەیتوانی ژیانێکی خۆشگوزەران دابین بکات

سەبارەت بەدۆخی ئابوری خەڵکی هەرێمی کوردستان سەڕەڕای بوونی دەیان سەرچاوەی داهات هاوڕێ کوردی ڕایگەیاند: "بەداخەوە دەبینین لە هەرێمی کوردستان قەیرانی ئابوری بەرۆکی خەڵکی گرت، کە خەڵکی چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە لە ناڕەحەتیدا بژێن، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەن ستاتۆ و ئابوری سەربەخۆ بوو وەکو بانگەشەیان بۆ دەکرد، بە دەیان سەرچاوەی ئابوری وەکو (نەوت، غاز، دەروازە سنورییەکان و باج و گومرگ ...هتد) حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەلایەنی ئابورییەوە دابین بکات".

رۆژنامەنووسان تیرۆر دەکرێن و بکوژانیان دەستگیرناکرێن

سەبارەت بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانن لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو چالاکوانە ئاشکرای کرد: "لەلایەنی پرسەکانی وەکو مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا، بینیمان لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک رۆژنامەنووس تیرۆرکران، تا رۆژی ئەمڕۆ هیچ کام لە بکوژانی رۆژنامەنووسان دادگایی نەکراون و تەنانەت کەسیش دەستگیر نەکرا و کەیسەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە".

زۆربەی بکوژانی ژنان لە هەرێمی کوردستان سەر بەدەزگا ئەمنییەکانن

هەروەها دەرباری بوونی کوشتنی ژنان بە دیاردە، ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ، ئاشکرایشی کرد: "بەداخەوەی لەلایەکی دیکەوە بکوژانی ژنان بەپی ئامارەکان بەردەوام ڕوو لەزیادبوونە، کە بەشیكی زۆری بکوژانی ژن سەر بە دەزگا ئەمنییەکان بوون، هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو ڕووداوانە دەسەڵاتێکی ناتەندروستی ناسیاسی لەپشتەوە بووە، دەسەڵاتێك کە خێڵ و دیوخان بڕیاربەدەست بووە نەک قەڵەم و حکومڕانێکی سەردەمیانە کە بتوانێت نموونەیەکی جوان لە حکومڕانی کوردی نیشانی جیهان بدات".

دوژمنان زۆر بە بەرنامە کاریان لەسەر کوردانی باشور کرد

هاوڕێ کوردی تیشکی خستەسەر ئەو پلانگێرییە هەواڵگری و شەڕی تایبەتە، کە لەسەرەتای دروستی بوونی هەرێمی کوردستانەوە دژ بە باشوری کوردستان دەکرێت و ووتی: "لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک هەرێمی کوردستان دروست بوو لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەر، بۆ یەکمجار کورد لە میژوو دوای دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە توانیی ببێتە خاوەن پەرلەمان و کابینەی خۆی، بەڵام دوژمنان زۆر بە بەرنامەتر کاریان لەسەر کوردانی باشور کرد بەشێوەیەک کە نیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی بدەن، کە حوکمڕانیی کوردەکان بریتییە لە ژن کوشتن و نا یەکسانی و نادادپەروەری، کە کوردەکانی باشور ناتوان حوکمڕانی بکەن، دەبوو باشوری کوردستان نموونەیەکی جوان بوایە بۆ هەموو جیهان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵام نەکرا و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پیلانگێری و یارییە هەواڵگرییە، کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت تاوەکو کورد ناتوانێت خۆی بەڕیوەبەرێت".

دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان هانا بۆ داگیرکەر دەبەن

هاوڕێ کوردی باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەبری گەلەکەیان پشت بە داگیرکەر دەبەستن و ڕایانگەیاند: "ئەمانە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی کورسییەوە هەیە، کە دەسەڵاتدارانی کورد لە باشور باوەڕیان بەوە نەبووە، کە گەلەکەیان پشتیوانییان لێبکات، رژێمێک باوەڕی نەبێت میللەتەکەی داکۆکی لێبکات هانا دەبات بەرەوە ووڵاتانی دیکە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ووڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی کاریان پێکراوە".

دەسەڵاتدارانی باشور ئیرادەی سەربەخۆیان نییە

هەروەها ناوبراو باسی لە بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بەرامبەر پرسە نەتەوەییەکان کرد و ووتی: "هەڵوێستە نیشتمانییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان تەنها لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوەیە، چونکە ئەو ئیرادە سەربەخۆیەیان نییە کە دەنگ هەڵببڕن و پشتیوانی و داکۆکی لە بەشێکی کوردستان بکەن، یان یان یارمەتی کوردێکی شۆڕشگێر بدەن".

تورکیا گوێ نادات بە هیچ پرەنسیب و بنەما و یاسایەکی نێودەوڵەتی

سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێران ئەو چالاکوانە ووتی: "بینیمان ووڵاتانی تورکیا داگیرکەر و ئیرانیش بە ئەندازەیەک هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردوومان کردووە، کە ئەمەش پێشێلکاری سەروەریی خاکی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران لە ڕووی سەربازی و هەواڵگریەوە خاکی باشوریان پێشێلکردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا زیاتر پێشێلکاریی کردووە، ئەوەی زیاتر پێشێلکاری ئەنجام دەدات دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، کە گوێ نادات بە هیچ پرەنسیب و بنەما و یاسایەکی نێودەوڵەتی".

تورکیا سامانی ئاژەڵی و کشتوکاڵی کوردستانی وێران کردووە

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژ بە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان، ئەو چالاکوانە وتی: "بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا هاووڵاتیانی سڤێل لەنێوانیشیاندا منداڵی کورد شەهیدبوون، هەروەها سامانی ئاژەڵی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە".

کیمیاباران کردنی هەڵەبجە خۆی دووبارە دەکاتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بێدەنگە

هەروەها هاوڕێ کوردی باسی لە بەردەوامیی کیمیاباران کردنی گەلی کورد و هێزەکانی گەریلا کرد لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لەژێر چەتری بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و ووتی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، پێشتریش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بێ دەنگ بوو، ئێستاش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، لەئێستادا تورکیا بە پێشکەوتووترین چەک لەهەر چوار پارچەی کوردستان کوردان شەهید دەکات".

بە چاوساغیی دەسەڵاتی هەرێمی کورستان داگیرکەر شۆڕشگێران تیرۆر دەکات

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەردەوامی بێدەنگییەکان بەرامبەر هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چاوساغی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ دوژمنان، هاوڕێ کوردی ووتیشی: "با واز لەوە بهێنین، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆچی بێدەنگە، بەڵکو دەبێت بپرسین بۆچی هێزە سیاسییەکانی خۆمان بێ دەنگن، بۆ نموونە ڕووداوی سەرهەڵدانی گەلی شیلادزێ، ئەو گەنجە شۆڕشگێرانە کە بوونە هۆی ئەوەی بارەگا سەربازی و هەواڵگەرییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تێکبشکێنن و سەربازەکان ڕاوبنێن، دواتر ئەو گەنجە شۆڕشگێرانە بە ئامانجگیران و بە فڕۆکەی تورکی شەهید کران، ئەمە کێ چاوساغی بۆ داگیرکەر دەکات، کەسانێک هەبوونە شۆڕشگێربوونە لە باکور لەکاتی هاتنیان بۆ باشور تەسلیمی داگیرکەران کراونەتەوە، دەیان گەنجی کورد لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن داگیرکەر و بەچاوساغی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تیرۆرکران، ئەمە شەرمێکی گەورەیە، من وەکو هاووڵاتییەکی باشوری کوردستان داوای لێبوردن لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەم".

ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی شۆڕشی کورد

هەروەها سەبارەت بە هەوڵەکانیان وەکو چالاکوانان بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی کوردستان هاوڕێ کوردی چالاکوان ووتی: "هەوڵمانداوە هاوکاریی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین، بەڵام دەبینین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر ناوی کورد درێژە بە دەسەڵاتەکەی دەدات و لەسەر ناوی کورد دانیشتن لەگەڵ داگیرکەران دەکات، ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی شۆڕشی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.

لەهەر شوێنێک کوردێکی ئازاد هەبێت (پەدەکە) دژایەتی دەکات

با خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانێت، کە لەهەر شوێنێکدا کوردێکی سەربەخۆ و ئازاد هەبێت ئەوە (پەدەکە) لە بەرامبەری دەوەستێتەوە، لە هەرچوارپارچەی کوردستان هیچ هێزێکی سیاسیە نییە ململانێی رۆژئاوای کوردستان بکات تەنها (پەدەکە) نەبێت، کە دژایەتیی دەکات، هەروەها هەموو پارتەکانی تەواوی کوردستان پشتیوانیی هەدەپە دەکەن تەنها (پەدەکە) نەبێت، لە چ شوێنێکی کوردستان کوردێکی بەشەرەف هەیە دژایەتی شۆڕشگێرانی قەندیل بکات؟ جگە لە (پەدەکە)، تەواوی هێز و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی لە کەمپینی ئازادی بەڕێز ئۆجالان دەکەن جگە لە (پەدەکە) نەبێت کە ڕێگری دەکات".

دەسەڵاتی هەرێم دەزانن ئەگەر داگیرکەر پشتیوانیان نەکات ناتوانن لە حوکم بمێننەوە

سەبارەت بە سزادانی ئازدیخوازن لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەپێناو داگیرکەران، ئەو چالاکوانە ئاشکرای کرد: "هەر کاتێک گەنجێک بڵێت ڕێگەنادەم داگیرکەر بێتە ناو ووڵاتم ئەوە (پەدەکە) ئەو گەنجە ئەشکەنجە دەدات و بە چەندین ساڵ زیندانی دەکات وەکو ئەوەی دەرهەق بە زیندانیانی بادینان کرا و لە هەولێر بینیمان تەنها لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە داگیرکارییان ڕەتکردۆتەوە هێرشیان کرایە سەر و ئەشکەنجە دران، ئەوەی ڕوودەدات سەلمێنەری ئەوەیە، کە ئەو دەسەڵاتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پشت ئەستورە بە داگیرکەر، دەزانن ئەگەر داگیرکەر پشتیوانیان نەکات ناتوانن لە حوکم بمێننەوە".

کاتێک بەدەسەڵات دەڵێین ئێوە هاوئاهەنگ وهاوبیری داگیرکەرن هێرش دەکەنە سەرمان و بریندارمان دەکەن

هەروەها ئەو چالاکوانە تیشکی خستەسەر مەترسییەکانی سەر ژیانی ئەو کەسانە کە دژایەتی داگیرکەر دەکەن و ڕایگەیاند: "خۆزگەم دەخواست حوکمڕانی کوردی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو نموونەیەکی جوان و باڵا بوایە، خودی ئەوانەی کە بنەماڵەی دەسەڵاتن و هەرێمی کوردستانیان وێران کردووە نموونەیەکی جوان بوونایە و لە مێژوودا ناویان بەجوانی بهاتایە، زۆرجار ڕەخنە دەگرین و دەڵێین ئێوە هاوئاهەنگ وهاوبیری داگیرکەرانی کوردستانن ئەوان پێشێلکاریمان بەرامبەر دەکەن و هێرش دەکەنە سەرمان و بریندارمان دەکەن و دەستگریمان دەکەن، بۆ سەلماندنی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەیان بەڵگەمان لەدەستدایە، خەڵکانێک هەبوونە دژی داگیرکاری لێدوانیان داوە، یان پۆستیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی (پەدەکە)وە بانگهێشت کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، کە بۆ چی دژی داگیرکاری تورکیا قسە دەکەن".

لە مێژوودا هیچ رژێمێک نەبووە هاونیشتیمانیانی خۆی سەرکوت بکات لەپێناو داگیرکەر

لە کۆتایدا هاوڕێ کوردی چالاکوانی مەدەنی و چالاکوانی مافی مرۆڤ، هۆشیاری دایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە وانەیەک لە مێژوو وەربگرن، و ڕایگەیاند: "با دەسەڵاتی باشوری کوردستان بزانێت هەموو ئەو پرسانە سەرئەنجام ئەم فشارە زۆرەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەریمی کوردستان ئەنجامی دەدات بەزیانی خۆیان دەشکێتەوە، چونکە لە مێژوودا هیچ رژێمێک نەبووە هاووڵاتیان و هاونیشتیمانیانی خۆی سەرکوت بکات لەپێناو داگیرکەر".

ژ.ت