کۆڕێک لەژێر ناونیشانی "دەرچەیەک لەسەر کلتوور و ڕۆشنبیریی کورد" لە کەرکوک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی "دەرچەیەک لەسەر کلتوور و ڕۆشنبیریی کورد" کۆڕێک بۆ تۆفیق ئەلعەتار نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیر ڕێکخرا.

 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و هونەرمەندان، ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "دەرچەیەک لەسەر کولتوور و ڕۆشنبیریی کورد" کۆڕێک بۆ تۆفیق حەسەن ئەلعەتار نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری شارەکە ڕێکخرا.

 سەرەتای کۆڕەکە بە ناسینی ژیاننامەی نووسەر دەستی پێکرد، پاشان نووسەر تۆفیق ئەلعەتار باسی لە سەرەتای ئەدەبی و کولتووری خۆی کرد کە خاڵی دەستپێکی لەشاری کەربەلا بووە لە باشوری عێراق و لەوێدا پەیوەندێکی توندی لەگەل کوردانی فەیلی هەبووە و پاشان گواسترایەوە بۆ شاری کەرکوک، کە لەو شارەدا تێکەڵ بە کورد و تورکمان و ئاشوری بووە.

 ئەلعەتار ئاماژەی بەوەشکرد، کە گەلی کورد مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە بواری میراتی کلتوریی، ڕۆشنبیریی و فەرهەنگی، هەروەها نووسەر ئاماژەی بەوەدا کە ئەرشیفێکی مەزنی نووسراوەکانی لەبارەی کورد و بەتایبەت میراتی کوردەوە پاراستووە، کە گرنگترینیان دەربارەی جەژنی نەورۆزە، هەروەها تۆفیق ئەلعەتار باسی لە دیارترین یادگارییەکانی و ئەو بارودۆخانە کرد کە لە ژیانیدا ڕوویانداوە، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا کاتێک مامۆستا بووە لە شاری کەرکوک، هەروەها باس لە دیارترین وێستگە ڕۆشنبیری و ئەدەبیەکانی کرد.

سەبارەت بە کۆرەکەی تۆفیق ئەلعەتار، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا باسمان لەبابەتێک کرد لەژێر ناونیشانی (دەرچەیەک لەسەر کلتوور و ڕۆشنبیریی کورد)، لەسەردەمی منداڵییەوە تائیستا ئەو پەیمانەمان پاراستووە کە پەیمانمان دابوو کە بەخۆشەویستی و بەختەوەری لەگەڵ براکانمان لە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا بژین بەتایبەتی لەگەڵ کوردە فەیلیەکان وەک ئەوەی برا بین تەمەنی منداڵیمان ژیاوین، تەنها مردن دەیتوانی لەیەکتر جیابکاتەوە، ئەوەش ڕوویدا کاتێک کە کوردانی فەیلی  تووشی ڕاگواستن بوون لە نیشتمانە ئازیزەکەیان بە زەبری چەک و ئەو نادادپەروەرییە ترسناکە کە ڕژێمی لەناوچووی پێشووی عیراق لە دژی کوردانی فەیلی پراکتیزەی کرد".

 هەروەها تۆفیق ئەلعەتار نووسەر، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەو سەردەمە کرد کە لە باشوری عێراق گواسترایەوە بۆ خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک و ووتی: "کاتێک لە کەرکوک وەک مامۆستا دامەزراین بڕیارمدا لە قوتابخانەیەکی کوردیدا ببمە مامۆستا، لەم قوتابخانەیە و لەگەل قوتابییەکان هەوڵمدا بەشێوەیەکی شارەزایی فێری زمانی کوردی بم، دوای چوار ساڵ لە کاکردنم لە قوتابخانەیەکی کوردی لە کەرکوک توانیم بەشێوەکی پرۆفیشناڵ فێری کوردی ببم و دواتر گواسترامەوە بۆ قوتابخانەی تۆبزاوا و لەوێدا بوومە مامۆستای وانەی کوردی، وە شانازییەکی گەورە بوو بۆ من کە دەیان خوێندکار کە دەرچووی قوتابخانەکەمان بوون، کە ئێستا لە کارە جۆراوجۆرەکاندان کە کۆمەڵگا شانازی پێوە دەکات دامەزراون و بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی عێراق بە ڕەفتار و پەروەردە و کولتووری باشیان بوونەتە کەسانی دڵسۆز و پێشەنگایەتی شارستانیەت و کولتووری کوردستان دەکەن".

 هـ . ب