کۆمیتەی تەڤ-چاندی پەکەکە: پێویستە سینەماکاران لە کەسێتی کەریمیاندا بە ئەرکی خۆیان هەستن

کۆمیتەی تەڤ-چاندی پەکەکە دەرهێنەری سینەمایی مەنسور کەریمیانی بیرهێنایەوە کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا شەهید بوو، دەڵێت: "پێویستە هەموو هونەرمەند و سینەماکارانی بەویژدان لە کەسێتی مەنسور کەریمیاندا بە ئەرکی خۆیان هەستن".

کۆمیتەی تەڤ-چاندی پەکەکە بە ڕاگەیاندراوێکی نوسرا، دەرهێنەری سینەمایی و هونەرمەند مەنسور کەریمیانی بیرهێنایەوە کە ٢٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوو.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " دەوڵەتی تورکی فاشیست و قڕکەر و ئاسیمیلاسیۆنیست کە قڕکردنی کوردی کردۆتە پاساوی هەبوونی خۆی، لەبەرچاوی هەموو جیهاندا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. ژن و گەنج و پیر کۆمەڵکوژ دەکات، هەموو یاساکانی مرۆڤایەتی نێونەتەوەیی پێشێل دەکات و بە هێرشی کۆمەڵکوژی سنوورە سیاسییەکانی خۆی دەبەزێنێت و بە پێداگرییەوە یاسای دەوڵەت پێشێل دەکات. هەرکات دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی شەڕ، بۆمب بەسەر ناوچە سڤیلەکانی هەرێمە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا، شەنگال، مەخمور و باشووری کوردستان دەبارێنێت. بەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لیستی تاوانەکانی شەڕی زیاتر دەکات".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "دەوڵەتی تورک بە بۆردوومانی شوێن و ناوچە سڤیلەکان هەوڵ دەدات شکستی مەزنی ئەم دواییەی سوپای تورک لە خواکورک و زاپ و مەتینا بەرامبەر بەرخۆدانی شکۆدار و چالاکی ڕێکخراوی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بشارێتەوە. بەهۆی ئەم شکستە بەرامبەر بەرخۆدان و تێکۆشانی گەریلا، وەک سیاسەتی بنەڕەتیی خۆی، هەموو دەرفەتێکی بچوک دەگۆڕێت بۆ قڕکردنی کوردان.

هەموو ڕۆژێک سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، باس لە مافی مرۆڤ و یاسای شەڕ دەکات، بەڵام بە هێرشەکانی بۆ سەر چەندین بنکەی سڤیلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نموونەی نوێی لە کارەکتەری قڕکەر و کۆمەڵکوژی خۆی زیاد کرد. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین لە هێرشەکاندا شەهیدبوون و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین. هەر شەهیدبوونێک دەبێتە مایەی زیادبوونی توڕەیی و پێداگریمان لەسەر تێکۆشان.

لەنێو ئەو سڤیلانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییە شەهیدبوون، دەرهێنەری سینەمایی مەنسور کەریمیانی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. ئێمە بە ڕێز و سوپاسەوە یادی دەرهێنەری هێژای کورد مەنسور کەریمیان دەکەینەوە، ئەو هەموو ژیانی خۆی فیداکرد بۆ خەباتی سینەمایی، تاوەکو ئازار و ڕاستی گەلی کوردستان لە بواری سینەمادا پیشانبدات و بە هەموو هێزییەوە ڕەنجی کێشا، سنوورەکانی دەوڵەتی بەزاند و بە ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییەوە ڕوویکردە ڕۆژئاوا. بانگەواز لە هەموو هونەرمەند و سینەماکارانی بە ویژدانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان و بەتایبەت کورد دەکەین دژی ئەم کۆمەڵکوژیانە خاوەن هەڵوێست بن و لەپێناو بەرخۆدانی شکۆداردا دەنگی خۆیان هەڵبڕن.

دەمانەوێت بڵێین، دژی ئەم هێرشانە لەڕێگەی فراوانکردنی بەرخۆدان و تێکۆشانەوە خاوەندارێتی لە ڕەنج و یاد و تێکۆشانی شەهیدان دەکەین. بێدەنگ مانەوە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژی و هێرشانە، واتای ونکردنی ڕۆح و ویژدانە. بۆیە پێویستە هەموو هونەرمەند و سینەماکارانی بەویژدان لە کەسێتی مەنسور کەریمیاندا بە ئەرکی خۆیان هەستن و خاوەندارێتی لێ بکەن".