لە شاری سلێمانی مەراسیمی چلەی هونەرمەند تایەری خەلیلی بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی لە هۆڵی دێرین لە گەڕەکی شەکرەکە لە کاتژمێر2:30 دوانیوەڕۆ، مەڕاسیمی چلەی کۆچی هونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین تایەری خەلیلی، لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

دوای ئەوەی هونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین، تاهیری خەلیلی  لە 26-11-2023  لە تەمەنی 67 ساڵیدا  بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە لە ماڵی خۆی، لە گەڕەکی ڕاپەڕین گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی بەکرەجۆ بەخاک سپێردرا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای 40 ڕۆژ لە لەدەستدانی ئەو هونەرمەندە لە شاری سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، بە بەشداری بەشێک لە هونەرمەندان و پێشمەرگە دێرینەکان و ڕۆژنامەنوسان، لە هۆڵی دێرین لە گەڕەکی شەکرەکە چلەی ماتەمینی بۆ گیانی پاکی ئەم هونەرمەندە بەڕێوەچوو.

 سەرەتای مەراسیمەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە  دێرینەکانی کوردستان بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا و مۆم بۆ گیانی پاکی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان هەڵکرا، دواتر چەند ئایەتێکی قورعانی پیرۆز لەلایەن بەڕێز د.سامان شوانییەوە پێشکەشکرا. پاشان ئامادەبووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان ڕاوەستان.

لە دواتردا وتاری ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لەلایەن ڕەهبەر سەید برایم پێشکەشکرا و تێیدا بەشێوەی شیعر باس لە خەبات و تێکۆشانەکانی ئەم هونەرمەند و شۆڕشگێرە کراو وترا:"خەباتی ئەو بۆ هەموو کوردستان بوو، هەم بە هونەر و هەم بە خەباتی شاخ، بێ گوێدانە ئازارەکانی خۆی، بەردەوامبوو لەسەر ڕێچکەی ڕزگارکردنی کوردستان."

دواتر دیکیۆمێنتارییەکی ئامادەکراو لەسەر قوناغ و کارەکانی ژیانی ئەم هونەرمەندە، کە لەلایەن ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دێرینەوە ئامادەکرابوو پێشکەشی ئامادەبووان کرا، تێیدا ئاماژە بەچەندین یادەوەری گرنگی ئەم هونەرمەندە لەلایەن خێزان و هاوڕێکانییەوە درا.

لەپاش ئەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکان لەلایەن جەمیل هەورامییەوە پێشکەش بە بنەماڵەی هونەرمەند تایەری خەلیلی کرا.

دواتر گروپی موزیک و هونەرمەند سەید عومەر چەند بابەتێکیان لە سروود و گۆرانییەکانی هونەرمەند تایەری خەلیلی ئامادەکردبوو، پێشکەشی ئامادەبووانیان کرد.

دواتر پارچە هۆنراوەیەکی نوسراو لەلایەن عومەر کەسان تایبەت بە مەرگی هونەرمەند پێشکەشی ئامادەبوون کرا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا وتاری بنەماڵە لەلایەن پێشمەرگەی دێرین هەڤاڵ سالار ڕەواندزی پێشکەشکرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.