'میرێک قەبوڵ ناکەین کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێزدییەکان دیاری بکرێت'

خۆبەڕێوەبەرایەتی شەنگال و دەستەی هۆزەکانی شەنگال رایانگەیاند، میریک کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێزدییەکان دیاری بکرێت وەبوڵ ناکەن و جەختیان کردەوە، "خەڵکی شەنگال کێ وەک میر قەبوڵ بکەن، ئەو کەسە میرە".

خۆبەڕێوەبەری شەنگال و دەستەی هۆزاکانی شەنگال لەبەردەم ئەنجومەنی گەلی شەنگال کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد. ئەندامی دەستەی هۆزەکانی شەنگال میرزا بەکر لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، کە پیلانێکی نوێی سیاسی بەسەر شەنگالدا جێبەجێ دەکرێت و وتی، "هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت میرێکی نوێ وەک میری شەنگال رابگەیەنن. ئەوە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری شەنگال و دەستەی عەشایەریەوە رەتکراوەتەوە. ئەوە راست و رەوا نییە کە هەندێک لایەنی سیاسی بچنە هۆتێلێک و میری نوێ دیاری بکەن. ئێرە شەنگالە و ئەم گەلە بڕیار دەدات کە کێ دەبێتە میر. کەسێک کە لە شەنگالدا نەماوەتەوە و لەم دواییەدا لە ئەمریکاوە هێنراوەتەوە قەبوڵ ناکەین. ئێمە میر سالم رەتدەکەینەوە و قەبوڵی ناکەین".

میرزا بەکر هەروەها رایگەیاند، کە ئەوان میر نایف وەک میری شەنگال بە فەرمی دەناسن و هۆکارەکەشیان بەم جۆرە خستەڕوو، "ئێمە جگە لەو کەسی دیکە قەبوڵ ناکەین. ئەو کەسەی چەندین ساڵە لە شەنگالە، بە ئازارەکانی شەنگال دەزانێت و گەلی شەنگال دەناسێت، میر نایفە".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال خودیدا ئیلیاسیش رایگەیاند، کە پیلانی سیاسی بەسەر گەلی ئێزدی پەیڕەو دەکرێت و لەبارەی بابەتەکەوە بەم جۆرە هەڵوێستی گەلی شەنگالی خستەڕوو، "گەلی شەنگال ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی خستووەتەڕوو. هەندێک لایەنی سیاسی ماڵی میران لەپێناو خۆیاندا بەکاردەهێنن. بە داخەوە ماڵی میر لە فەرمانەکەی ٢٠١٤، لە رۆژی تەنگانەدا هیچیان بۆ گەلەکەیان نەکرد. ئەگەر ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێلێک لە رووی هەندێک حیسابات و لێکدانەوەوە میرێکی نوێ رابگەیەندرێت، شەنگال ئەوە قەبوڵ ناکات. میر تەحسین حازم بەگ کە سەر بە پارتێکی سیاسیە، نەیتوانی لە فەرمانی ٢٠١٤دا وەڵامی دوژمنی کۆمەڵگای ئێزدی بداتەوە. میرایەتی بەو جۆرە قەبوڵ ناکرێت. پێویستە میر لەلایەن گەلی ئێزدییەوە قەبوڵ بکرێت".

خودیدا ئیلیاس هۆشداریدا کە لێکدانەوەی سیاسی بە کۆمەڵگەی ئێزدیدا پەیڕەو نەکرێت و وتی، "ئەگەر ماڵی میر بۆ لێکدانەوە و هاوکێشەی سیاسی بەکاربهێنرێت، ئەوە مایەی قبەوڵ کردن نییە. ئێمە ئەو پرسیارە لە سالم خەڵەف دەکەین، دەڵێن ١٥ی نیسان (ئەمڕۆ) وەک میر رادەگەیەندرێت. سالم خەڵەف لە ٢٠١٤ دا چ کار و خەباتێکی کرد، تا ئەمڕۆ؟ تائێستا یەک لەوانە وتویەتی، کە پەیوەستە بە گەلەکەیەوە؟ دەیانەوێت ئەو کەسانە بۆ پیلانە سیاسیەکانیان بەکاربهێنن".

خودیدا ئیلیاس ئەوەشی خستەڕوو کە وەک خۆبەڕێوەبەری شەنگال و گەلی ئێزدی راگەیاندنی بە لێکدانەوە و حیساباتی سیاسی قەبوڵ ناکەن. وەک خۆبەڕێوەبەری شەنگال، وەک گەلی شەنگال بە دڵنیاییەوە ئەوە رەتدەکەینەوە. تا ئەمڕۆش ئێسک و پروسکی گەلی ئێزدی لەبەر خۆر و بارانە. ئێمە چۆن میرایەتی ئەوان قەبوڵ بکەین؟ با کەس بەوان نەڵێت میر، ئێمە قەبوڵیان ناکەین".

هاوسەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال خودیدا ئیلیاس لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خزمەت بە کۆمەڵگای ئێزدی بکەن و رایگەیاند: "ئەگەر دەتانەوێت شتێک بۆ کۆمەڵگای ئێزدی بکەن، با بێن گۆڕە بەکۆمەڵەکانمان هەڵبدەنەوە و رووفاتەکانمان هەڵبگرنەوە، بێسەروشوێنبووانمان بدۆزنەوە! ئێمە داوا دەکەین، ئەوەی دەیەوێت خزمەت بکات با لە سەر خاکی شەنگال کار و خەبات بەڕێوەببات. یەک لە ئەمریکا میرە، یەک لە هۆتێل میرە! ئەمە مایەی قەبوڵکردن نییە. گەلی شەنگال کێ وەک میر رابگەیەنێت، ئەو کەسە میرە!."

هـ . ب