پەڕتووکی 'شکۆی خێرپێکراو'ـم بۆچی نووسی؟

" ئەم کتێبە هەوڵی داوە فەلسەفە لە بورجە عاجەکەی بهێنێتە خوارەوە و بە جۆرێک تێکەڵ بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بکات، لە کێشەو گیروگرفتی خەڵکی بکۆڵێتەوە".

ئەم کتێبە خۆی لە کۆمەڵێک وتاری فکری دەبینێتەوە، کە دەیەوێت بە تێگەیشتنێکی تەواو خۆماڵیانە و خۆییانە، دەست بخاتە سەر برینی کۆمەڵێک پرس و چەمکی هەنووکەیی و داهاتوویی کۆمەڵگای کوردی. ئەم کتێبە هەوڵی داوە فەلسەفە لە بورجە عاجەکەی بهێنێتە خوارەوە و بە جۆرێک تێکەڵ بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بکات، لە کێشەو گیروگرفتی خەڵکی بکۆڵێتەوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە سووڕانەوەیە بە دەوری کۆمەڵێک پرس کە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی و ئازادی و ئەرکگەرایەتیی و شکۆداری مرۆیی و پاراستنی شکۆی خێرپێکراو و ڕەخنەگرتن لە دیاردەیەکی زەقی وەک کردەی خێرخوازی و شیکردنەوە بۆ پرسی ئەخلاق، لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی تری وەک هونەر و نیگەرانی و لێبوردەیی.

هەڵبەت بۆ ئەوەی ئێمە لە پرسی کاری خێرخوازی تێ بگەین، کە خودی ناونیشانی کتێبەکەش ئیلهامی لەم کردەیەوە وەرگرتووە، پێتڤیە لە چەمکی خودی 'ئەخلاق' خۆی تێ بگەین، بۆیە هەرکردەیەک ئەگەر لە هەناوی ئەخلاقێکی باڵاوە نەیەتە دەرەوە، کردەیەکی ناجۆر و ناتەبایە لەگەڵ ئەخلاقدا، پێچەوانەیە لەگەڵ هەقیقەت و مەرامی ڕاستیانەی کردەکە. ئەم تێگەیشتنەش  پێچەوانەی تێگەیشتنە باوەکەی کۆمەڵە بۆ کردەی خێرخوازی و سەرلەبەری تێگەیشتنەکانی پێشتر هەڵدەوەشێنێتەوە، لەمەشدا گەڕاوینەتەوە  بۆ فەیلەسوفێکی وەکو 'ئیمانوێل کانت'، چونکە ئەو چێتر لەمەڕ ئەم چەمکە دوواوە کردوویەتی بە کرۆکی فەلسەفەکەی خۆی، لەو بارەیەوە دەڵێت: (هیچ شتێک لەم جیهانەدا و لە دەرەوەی ئەم جیهانەشدا نییە، کە بۆ بیرکردنەوە باش بێت ئەگەر لەکرۆکی خۆیدا باش نەبێت)، واتا هەرکردەیەک بۆ ئەوەی ببێتە کردەیەکی گەردوونی، دەبێت باشەکە لە پێناو خودی کردەکەدا بێت، دەبێت ئیرادەی باشە لە پشتی ئەنجامدانییەوە بێت، ئەم ئیرادە باشە نابەسترێتەوە بە بەدیهێنان یان بەدینەهێنانی ئامانجەکەوە، چونکە کردەیەکی تەواو  ئازاد و سەربەخۆیە، بەدەرە لەهەموو فاکتەرێکی دەرەکی.

ئیدی لەم پێودانگەوە ئەوە بەیان دەکەین، ئەو کردانەی ڕۆژانە بە نێوی خێرخوازییەوە ئەنجام دەدرێن، کردە و کارگەلێکی مەرجدارن و ئامانج لێیان خۆ پاڵەوانکردن و دەستڕاگەیشتنە بە هەندێک ئامانجی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئایینی، گەرچی بەرگێکی پیرۆزیشی بە بەردا بکرێت، بەڵام ناتوانرێت جگە لە قەید و مەرام و حەزێکی حزبی و کەسی هیچی تری لێ بخوێنینەوە، چونکە ئەنجامدانی دەبەسرێتەوە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە، نەک خودی کردەکە ببێتە ستراتیژ، ئەمەش پێچەوانەی ئەخلاقی گەردوونیانەیە، وادەکات مرۆڤی خێرپێکراو بخرێتە بەر تیر و نەشتەری کۆمەڵ و کەسایەتی بڕوشێنرێت و تیرۆر و هەپروون هەپروون بکرێت، لە کاتێکدا شکۆداری مرۆڤ هێزێکی ناوەکی ئینسانە، پاراستن لە شکۆی تاکێک پاراستنە لە شکۆی تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە هەرهەوڵێک بۆ کۆیلەکردن و ڕامکردنی مرۆڤ، ناجۆر و ناتەبایە لەگەڵ چەمکی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤدا.

 مرۆڤ ئامانج و ستراتیژە نەک ئامراز، بەڵام ئێستا لە سایەی ئەو نەریتەی کە تەکنۆلۆژیا بە سەر مرۆڤدا سەپاندوویەتی، ئەو بەها ئەخلاقییە گەردوونییانە لەبار براون و مرۆڤگەلێکی خۆویست و بەرژەوەندیخواز جێگەیان بۆ کراوەتەوە و خاوەندارێتی لێ دەکەن، ئەم نەریتەش وەک کاڵایەک مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەکات و بوونەکەی بەستراوەتەوە بە چیەتی و  ماهیەتی دڵسۆزی و توانا جەستەییەکانیەوە، واتا کاڵایەکە  وەک سامانێکی سرووشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەک وەک مرۆڤێکی خاوەن ئاگایی و هۆشەکی، ئەمەش وای کردووە کەلتوورێکی بازاڕیی وا درووست بکات، مرۆڤ ڕەسەنێتی خۆی لەدەست بدات و ببێتە مرۆڤکی ساختە و ڕامکراو،  لەناو ئەو فەزا گشتیەدا بیرکردنەوە ڕۆڵ ناگێڕێت، مرۆڤی باڵا زمانی لەگۆ دەکەوێت و بیرکردنەوەیەکی ژمێریارانە و نەزۆکانە دێتە مەیدان، جیاوازیەکان دەرناکەون و ڕاستی بوون دەشارنەوە، مرۆڤ لە بوونەوە دەبێتە هەبوو، ئەوکات مرۆڤ بۆ ئەوەی پێناسەی بکات دەبەسترێتەوە بە ڕواڵەتگەرایی و بوونی ئامێری پێشکەوتوو، ئیدی هەندێ پێویستی ناپێویست پێویست دەکرێ، کە هەندێ ئاتاجی درۆزنانەن، ناسنامەی مرۆڤ لە مرۆڤ وەردەگرنەوە و دەیکەنە کۆیلە و ملکەچکراو و نائازاد، ئیدی ڕۆحییەتی بەرپرسیارێتیی قاو دەدرێت و خەمی تایبەتی دەبێتە جێگرەوەی خەمی گشتی و مەیل بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەڵەکەی سامان جێگە بە بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەرییانە لێژ دەکات، ئەمەش وا دەکات پیاوانی ئایینی و چینی ڕۆشنبیران  ببنە بەشێک لە و نەریتە تەکنۆلۆژیە و ئەو بەکەلتوورکردنەی بازاڕ، ئەم دوو چینە دوو فیگەری گرنگن و ڕۆڵیان هەیە لە بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیدا هەیە، دواجار ئەوانیش بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانەوە، لەسەرحسابی خەفەکردنی کۆمەڵگا دەبنە بەشێک لەو پرۆسە گەندەڵییەی سیستەمی سیاسی دژی میللەتەکەی بەکاری دێنێت، تایبەتیتر دەسەڵاتی ئایین تەنها بە بێدەنگیی ناوەستێت، تەمەنی دەسەڵاتی تاکڕەو و پۆپۆلیست درێژتر دەکاتەوە، وێنەی پیرۆز دەدەنە پاڵ فەرمانڕەواکان و وەک نوێنەری خوداو وێنایان دەکەن، بەگژداچوونەی هاووڵاتیانیش وەک تاوان و گومڕا وێنا دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە نەرمی کار لەسەر شکاندنی شکۆی مرۆڤ بکەن، سا کۆمەڵگایەکی تێکشکاو درووست دەکەن.

هـ . ب