چالاکوانێکی مافەکانی ژنان زیندانی کرا

ئاشکرابوو کە عاتفە رەنگریز چالاکوانی مافەکانی ژنان دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

رۆژی شەممە عاتفە رەنگریز نوسەر، وەرگێڕ و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە لقی یەکی دادگای گشتی و شۆڕش لە شاری دامغان، دەستبەسەر و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

پێشتر ئەو چالاکوانە بەمەبەستی بەرگری کردن لە خۆی لەبەرامبەر تۆمەتەکانی "پێکهێنانی گروپ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات"، "پرۆپاگەندە لە دژی دەسەڵات" و " بڵاوکردنەوەی درۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی رای گشتی" بانگهێشتنامەی دادگای بەدەست گەیشتبوو.

عاتفە رەنگریز لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دامغان دەستبەسەر و گواسترابووەوە بۆ ئیتلاعاتی سمنان. لەدوای تەواوبوونی لێپرسینەوە گواسترابووەوە بۆ زیندانی شاهرود و لە ٢١ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی دارایی بەشێوەی کاتی ئازادکرابوو.

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان پێشتریس بە هۆی چالاکیەکانیەوە رووبەڕووی دەستگیرکردن و لێپێچینەوە ببووەوە.

هـ . ب