هێرشە داگیرکارییەکان: یەنەکە بانگەوازی لە بەغداد و هەلێرکرد بێدەنگ نەبن

فراکسیۆنی یەنەکە لە پەڕلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد هەبوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان و عێراقدا پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و مافی سەروەررێتی عێراقە، داوای لە هەولێر و بەغداد کرد بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن.

هێرشی داگیرکاری

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق بە ڕاگەیاندراوێک ئۆپراسیۆنە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر باشووری کوردستان شەرمەزارکرد و  ئاماژەی بەوەداوە کە هەبوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراقە و داوای لە هەولێر و بەغداد کرد بەرامبەر ئەم پێشێلکارییان بێدەنگ نەبن.

تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی فراکسیۆنی یەنەکە بەم شێوەیە:

" چەند ڕۆژێكە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكاندا زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە  بە باغ و ڕەزی هاوڵاتییانی ناوچەكە. هەروەها بووەتە مایەی بێزاركردنی هاوڵاتییان.

 ئەم پێشێلكارییانەی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عیراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاوڵاتییان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

 بێ دەنگی حكومەتی عیراق و هەرێم  لەبەرانبەر ئۆپەراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە پێشێلكردنی سەروەری خاکی عیراق و یاسا و ڕێسا نێودەڵەتییەكانە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتییانی خۆی بەتایبەتی.

 بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا عیراق نەیتوانیوە  خۆی بەهێز بكات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە، داواكارین حكومەتی فیدراڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا ڕێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنها تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری خاکی عیراقە."