گفتوگۆکان لەسەر بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەلگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە کە لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیاندرا. بانگەوازەکەی ڕێبەر تەنها لە کوردستان و تورکیا دەنگی نەدایەوە، بەڵكو لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشدا دەنگی دایەوە. لە کاتێكدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دەریای سپی، لیبیا، ئۆکرانیا دەوڵەتان کەوتنە نێو پێشبڕکێی شەڕەوە، هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی ئاشتی جۆش و خرۆشێکی بە هێز و ڕێکخراوەکانی چەپ، سۆسیالیست، ئیکۆلۆژیستەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان بەخشی.
کۆنفرانسی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ پرسی کورد چارەسەری نێونەتەوەیی' لە ١١/١٢ شوبات لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ئەنجام درا، نیشانەی ئەم جۆش و خرۆشەی گۆڕەپانی نێونەتەوەییە.
لە زانکۆی کاتانیا کە لە ساڵی ١٤٣٢ لە دوورگەی سیسیلیای ئیتاڵیا دامەزراوە پڕۆفیسۆرجیانی پیازا یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە. پرۆفیسۆر پیازا کە هاوکات لە سیسیلیا ئەندامی کۆمیتەی پشتیووانییە لەگەڵ گەلی کورد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'پشتیووانی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت زیاتر دەبێت'
پیازا بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆی لە ٢٧ی شوبات بە بیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا ئەم بانگەوازە لە هەمانکاتدا بۆ جێبەجێکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکیشە و گوتی: "وەک دەزانرێت لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕێکخراوی چەپ-سۆسیالیستدا پشتگیرییەکی بە هێز لە فکری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت. ئەم پشتگرییە دەبێت لە هەمووکات زیاتر بێت و بڵاو ببێتەوە."
'وانەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بە خوێندکارەکانم دەڵێمەوە'
پیازا ڕایگەیاند: "بۆ نمونە لە زانکۆ پڕۆفیسۆرم، وانەیەکی تایبەتم لەسەر سۆسۆلۆژیای سیاسیی لەسەر 'کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک' و 'شۆڕشی ڕۆژئاوا' هەیە. لە سایەیی ئەم وانەوە خوێندکارانم دەزانن لە کوردستاندا چی ڕوودەدات، بەڵام بە گشتیی گەنجان لەسەر ئەم بابەتانە زۆر ئاگادار نین. هەربۆیە گرنگ ئەم فکرە لە ڕێگەی وانەوە بناسێنم. دەبێت هەمووکەسێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فکرە لەو شوێنەی کە لێیەتی شتێک بکات."
'بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت زیاتر تێبکۆشین'
پیازا ئاماژەی بەوەشدا داواکانی ڕێبەر ئاپۆ ئاسان نین، بۆ ئەمەش دەبێت زیاتر تێکۆشان بکرێت و بە بیری هێنایەوە لەگەڵ فشارەکانی پڕۆسەکە و تێکۆشانی گەلان لە چواربەشی کوردستان، ئەورووپا و جیهان هێشتا ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکراوە و گوتی: "ئەمە هیوای منە. بۆ ئەوەی بتوانین فشارە لە حکومەتەکەمان و ڕاستەوخۆ لە حکومەتی تورک بکەین دەبێت بە هێزتر تێکۆشان بکەین."
لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت دۆخی سیاسی بگۆڕێت، جەختی کردەوە هیوایان ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە.