قۆناغێکیتر لە وێنەی ساکینە جانسز

ئەو رۆژانەی کە هەڤاڵ ساکینەی تێدا شەهید کرا، دەکرێ وەک رۆژی ئەمڕۆی وێنا بکەین. ئەوکاتیش دەوڵەتی تورکیا گوایە دەستی بە قۆناغێک کردبوو بەناوی کرانەوەی دیموکراسی و دانوستان و دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد!!

ژنە پێشەنگ و شۆڕشگێڕی نەتەوەیی ساکینە جانسز، ١٢ ساڵ لەمەوبەر لە ٩-١-٢٠١٣ لەلایەن دەستی رەشی میتی تورکەوە، لە شاری پاریسی فەرەنسا، لە گەڵ دوو لە هەڤاڵانی فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید کەوت. ساکینە جانسز لەبەر ئەوەی ئەندامی دامەزرێنری پەکەکە و هەمانکات یەکێک لەو مناڵانەی کە لە دوای کۆمەڵکوژی دێرسیمی ١٩٣٨ کەوتبووە ناو کۆڕی تێکۆشان، بۆیە شەهیدکردنی خوێندنەوەی زیاتری دەوێ.

لەماوەی ١٢ ساڵی رابردوو بە دانپیانانی بەرپرسانی دەزگای میتی تورکیا، ئەوان خودی خۆیان بە ئاگاداری سەرۆک وەزیری ئەوکاتیان ئەردۆغان، ساکینە جانسزیان بەئامانج گرتووەو، دەمێک بووە لە رێگەی سیخوڕێکیانەوە بەناوی عومەر گونەی، خۆیان لێ مەڵاسدابوو بۆ رۆژێک کە ئەو جنایەتەی تێدا ئەنجامبدەن.

لە ساڵوەگەڕی شەهید کردنی ساکینە و هەڤاڵانی، دەمەوێ بەم بۆنەیەوە سەرنج راکێشمە سەر خاڵێکی سەرەکی، ئەویش ئەو رۆژانەی کە هەڤاڵ ساکینەی تێدا شەهید کرا، دەکرێ وەک رۆژی ئەمڕۆی وێنا بکەین. ئەوکاتیش دەوڵەتی تورکیا گوایە دەستی بە قۆناغێک کردبوو بەناوی کرانەوەی دیموکراسی و دانوستان و دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد!! بەڵام هێشتا دانوستانەکان لە سەرەتا بوون، رۆژی ٩-١- ٢٠١٣ خەڵکی کوردستان و جیهان چاویان بە رۆژێکی خوێناوی کرایەوە، ئەویش کۆمەڵکوژی پاریس بوو. ئەو کات رێبەر ئاپۆ پێناسەیەکی بۆ ئەو کۆمەڵکوژیە کرد و گوتی؛ ئەوە دووەم کۆمەڵکوژی دێرسیمە، هەروەها گوتی ؛ ئەو هێرشە لەبەرانبەر من ئەنجامدراوە. بەڕاستیش ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە قێزەوەن و دوژمنانەیە، ئینجا لە دارو دەستەی تورک بووەشێتەوە، ئەوەندەش زاڵم بوون سێ ژنی بێچەک و بێتاوان، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن و داوای مافی رەوای خۆیان بەشێوازی سیاسیانە دەکەن بیانکوژی!!

لەم رۆژانەش دەوڵەتی تورکیا یەکلایەنە دەستی بە قۆناغێک کردووە، جارێک عومەر ئۆجالان بەتەنها، جارێک شاندێکی دوو کەسی چوونەتە دیداری ئیمرالی. دەسەڵاتدارنی تورک قسە و کرداریان زۆر لەیەک دوورە، هێشتا هیچ شتێک لە نیازە دوژمنکارانەکەیان نەگۆڕدراوە، دیاریش نییە ئەردۆغان و باخچەلی چیان لەژێر سەردایە. بۆیەش گەلی کورد بەگشتی بەگومان سەیری جموجۆڵەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات.

یۆنانیەکان دەڵێن، کەی تورک باسی ئاشتیان کرد، ئەوکات شەڕێکی گەورە لە رێیە. لە ئەزمونی ئەو ١٢ ساڵەی رابردوو لە دووکاتدا بووینە گەواهیدەری ئەو کردەوە دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورکیا، یەکیان شەهید کردنی ساکینە و هەڤاڵانی بوو، ئەویتریان لەساڵی ٢٠١٩ شەهید خستنی هەڤاڵ دیار غەریب بوو. ئەوکاتیش دەوڵەتی تورک، دەرفەتی دابوو بۆ سەردانی پارێزەران بۆ ئیمرالی و چەند چاوپێکەوتنێکان ئەنجامدابوو. لەو کاتانەش دەوڵەتی تورک بەهاوکاری سیخوڕانی ناوخۆی، بەهێرشێکی ئاسمانی هەڤاڵ دیار غەریب و دوو لە هەڤاڵانی لە قەندیل شەهید خست.

دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی ئەو ستافەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن، لەماوەی٢٣ ساڵی رابردوو، زۆرترین کۆمەڵکوژی و شەڕ و ئۆپەراسیۆن و هێرشیان کردۆتە سەر ژن و مناڵ و چەکدار و بێ چەکی کورد، جا لە ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ بێ یان لە باشوور و رۆژئاوا، هەتا گەیشتە پاریس. ئەمە وامان لێدەکات بەئاسانی و بەبێ گوومان نزیکی دەوڵەتی تورکیا نەبینەوە.

 هەر لەم رۆژانەی کە باس لە دیدار و دیالۆگ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەکرێ، دەوڵەتی تورکیا زۆرترین هێرشی و کوشتاری لە رۆژئاوا ئەنجامداوە، بەتایبەت لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ.

لەم قۆناغەش وەک قۆناغی رابردوو، تەنها شتێک کە جێگەی باوەڕی ئێمەبێ، ئەویش دیدار و چاوپێکەوتنەکان لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بەڕێوە دەچن، ئەویش وەکو نوێنەر و سەرۆکی دانوستانکاری گەلی کوردە لەم پرۆسەیەدا. چونکە ٣٢ ساڵە رێبەر ئاپۆ هەوڵ و تەقەڵایەکی زۆر دەدات، لەپێناو چارەسەری دیموکراتیانی کێشەی کورد و دیموکراتیزە کردنی تورکیا، بۆ ئەمەش خاوەن پلان و پرۆژەیەکی بەرفرەوانە.

لە ٢٠١٣ – ٢٠١٦ سەرەڕای هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام رێبەر ئاپۆ لەپێناو ئەوەی کێشەی کورد بە ڕێبازی سیاسی و دایالۆگ چارەسەرببێ هەوڵێکی زۆریدا، بۆیەش لەکۆتایدا ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ رایکرد، ئەردۆغان و دار و دەستەکەی بوون. لەم قۆناغەشدا یەکەم لێداونی رێبەر ئاپۆ گوتی، دەتوانم دۆخەکە لە شەڕی چەکداریەوە بگۆڕم بۆ تێکۆشانی سیاسی و بە رێبازی یاسای دەستوری کێشەکان چارەسەربن. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا بەتەواوی دیارنییە ئایا دەیەوێ شێوازی شەڕەکەی بگۆڕێت، بۆ شەڕی تایبەت بەناوی دانوستان؟؟ واتا ئەوەی بەشەڕی چەکداری و کۆمەڵکوژی بەدەستی نەکەوت، بەڕێگەی شەڕی تایبەت بەدەستی بخات؟؟ لەبەر ئەوە هێشتا مەبەست و نیازی دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی دیارنییە!! ئەمەش وامان لێدەکا هێشتا بەهستیاری نزیکی دۆخەکە ببینەوەو، گەلی کوردستان و ئازادیخوازن پێویستە ئێستا لەهەرکات زیاتر لەپشت رێبەر ئاپۆبن، تاکو لەم شەڕە دەستی بەهێزکەین و نەهەڵین یاریەکانی بەناوی شەڕی تایبەت بەئەنجام بن، بەڵکو گەلی کورد و گەلانی تورکیا بگەێنین بە ئاشتی و ئازادی و پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانە و رۆحی شەهیدانیشمان شاد بکەین.