کاروانێکی دیکەی گەل ڕوویانکردە بەنداوی تشرین

کاروانێکی دیکە لە دانیشتووانی کانتۆنی جەزیرە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و پشتیوانی قەسەدە و یەپەژە، ڕوویانکردە بەنداوی تشرین.

زیاتر لە مانگێکە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین بەردەوامە. لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی مەزن گەیشتووەتە بەنداوەکە.

دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکان و بۆ پشتیوانی لە قەسەدە، لە بەنداوی تشرین ئێشکگری دەگرن.

ئەمڕۆش گرووپێک کە پێکهاتبوو لە سەدان دانیشتووی حەسەکە و تەل تەمر و زرگان و دەرباسیە و عامودا و شەدادی، ڕوویانکردە بەنداوەکە.

لە شاری تەل تەمر دەیان کەس لەبەردەم ناوەندی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان کۆبوونەوە و بەرەو حەسەکە کەوتنەڕێ.

دەیان دانیشتووی دەرباسیە لەبەردەم ناوەندی کەلتوور و هونەر کۆبوونەوە و بەرەو حەسەکە کەوتنەڕێ. خەڵکی زرگانیش لەگەڵ کاروانی خەڵکی دەرباسیە ڕوویانکردە حەسەکە.

کاروانی دانیشتووانی عامودا ڕاستەوخۆ ڕوویانکردە چوارڕیانی پانۆراما لە شاری حەسەکە.

لە شاری شەدادی سەدان کەس ڕوویانکردە شاری عەریشە و کاروانی خەڵکی عەریشە ڕوویانکردە حەسەکە.

دانیشتووانی حەسەکە لە چوارڕیانی پانۆراما لە باشووری شارەکە کۆبوونەوە و بەشداری کاروانی خەڵکی شارەکانی دیکەی جەزیرە بوون.

کاروانی گەلی ئەو شارانە لە حەسەکە یەکیان گرت و بەرەو بەنداوی تشرین کەوتنەڕێ.