سەزای تەمەلی: کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی داد بەردەوام دەبن
سەزای تەمەلی، سەرۆکی فراکسیونی دەم پارتی، لەسەر دیدارەکەیان لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد هەڵسەنگاندنی ئەنجامدا و وتی: "بارودۆخ بە گشتی ئەرێنییە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."
سەزای تەمەلی، سەرۆکی فراکسیونی دەم پارتی، لەسەر دیدارەکەیان لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد هەڵسەنگاندنی ئەنجامدا و وتی: "بارودۆخ بە گشتی ئەرێنییە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."
شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە سەرۆک فراکسیونەکانی دەم پارتی، گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی و ئۆزتورک تورکدۆغان، لەگەڵ وەزیری داد یڵماز تونچ کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، گوڵستان کلچ کۆچیگیت بە نوێنەرایەتی شاندەکە لێدوانێکی دا و رایگەیاند کە ئەوان پێش لە هەموو شتێک وتوویانە کە پێویستە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانکاری تێدا بکرێت، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی زیندانیانی نەخۆش و دەستەی چاودێری ئیداری و پاکێجی دادوەری ئەنجامداوە.
سەزای تەمەلی سەرۆک فراکسیونی گرووپی دەم پارتی سەبارەت بە بۆ کۆبوونەوەکەیان هەڵسەنگاندنی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن و بە گشتی دۆخەکە بە ئەرێنی دەچێتە پێشەوە.
'شەرت و مەرجەکانی عەبدوڵا ئۆجالانمان ڕاگەیاند'
سەزای تەمەلی ئاماژەی بە ئەرێنی بوونی کۆبوونەوەکە لەگەڵ وەزیری داد کرد و وتی: "کۆبوونەوەکە بەگشتی ئەرێنی و گرنگ بوو، بێگومان دەزانین کە هەموو کێشەکان تەنها بە یەک کۆبوونەوە چارەسەر ناکرێن، دواتر کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی سەرەکیمان باس کرد. ویستمان دەستبەجێ پرسە گرنگەکان ڕابگەیەنین، چونکە ئامادەکاری بۆ پاکێجێکی دادوەری دەکرێت. ئێمە ویستمان لە پاکێجی دادوەریدا ئەم پرسانە لەبەرچاو بگرێت، بۆیە کۆبوونەوەیەکی باش بوو.
بەڵام بۆ ئێمە ڕۆژەڤ نەگۆڕاوە ئەویش گۆرانکاری لە بارودۆخی کار و ژیانی بەڕێز ئۆجالانە. بە تایبەت ئەویش لەکاتێکدا کە لە سیاسەتدا هەڵوێستێکی وەها بەهێزی نیشانداوە و بە هەڵوێستەکانی ڕەوتی مێژوو دەگۆڕێت، جێگای قبوڵکردن نییە کە مەرجی کارکردن و ژیانی لەبەر چاو نەگیردرێت. ئێمە لەم بارەوە خواستی خۆمان بۆسەرڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە.
هەروەها ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندین کە وەزارەتی داد لە چوارچێوەی یاسایی ئێستادا دەتوانێت چی بکات. هەروەها ڕایانگەیاند، هەموارکردنەوەی یاساکان کاری وەزارەت نییە، ئەوە بابەتێکە کە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، بۆیە ئەوە لە ئەستۆی پەرلەمان دەبێت کە دەست بە هەموارکردنەوەی یاسایی نوێ بکات و ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە یاساکانی ئێستادا بوونی هەیە، هەموو ئەمانە بە ئەنجام دەگەیەنن."
'هیوادارین ئەو پاکێجە دادوەرییە سەر لە نوێ ئامادە بکەن'
سەزای تەمەلی سەبارەت بە پاکێجە نوێیەکەی دەسەڵاتی دادوەری هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: "ئێمە زۆر بابەتمان خستەڕوو، لەوانە پرسی زیندانیانی نەخۆش، چاکسازی لە سیستەمی دادگایی کردن، دەستەی چاودێری کارگێڕی، سزای دیسپلین و دۆسیەی کۆبانێ. هەموو ئەمانە تێبینی کران. ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە پاکێجی دادوەری بەو هەستیارانەوە ئامادە بکرێت. ئەوانیش بۆ خۆیان ڕایانگەیاند، ئەوەی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندراوە بەس نییە، پاکێجەکەش بەردەوام دەبێت و کار لەسەر هەموو ئەو کێشانە دەکەن، بەڵام ئێمەش ڕامانگەیاند هەموو ئەمانە بەس نییە. لەسەر پرسیاری 'دەتوانین چی بکەین بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی ڕای گشتی و کۆمەڵگە' گفتوگۆمان کرد. بێگومان لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری ڕۆڵێکی وا گرنگ و چارەنووس سازتر دەگێڕێت پێویستە هەنگاوی بوێرانە بنرێت. وتیان لەبەرچاو دەگرن و لەم چوارچێوەیەدا سەرڕاستکردنەوەکان هەڵدەسەنگێنن. ئەمەش دڵخۆشی کردین."