ترس لە قەسەدە؛ چەتە و بنەماڵەکانیان لە عەفرین هەڵدێن

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ترسی ئەوەی دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی قەسەدە بەکاریان بهێنێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە عەفرینی داگیرکراو هەڵدێن.

بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە لە شاری عەفرین ئاماژە بەوەکراوە، کە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەرەو شارەکانی دیکەی سوریا هەڵدێن. سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، چەتەکان له ترسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە له دژی هێزەکانی قەسەدە بەکاریان بهێنێ به تایبەت له بەنداوی تشرین لە گەڵ بنەماڵەکانیان لە عەفرین هەڵدێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە گوندەکانی دەوروبەری شاری عەفرینەوە بە دەست کەوتوون، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی چەتەکان لە گەڵ بنەماڵەکانیان لە عەفرینەوە بەرەو ناوچەکانی ناوخۆی سوریا هەڵاتوون.

کەمبوونەوەی ڕێژەی بنەماڵەی چەتەکان                             

بە پێی زانیارییەکانی شایەتحاڵەکان لە عەفرینەوە، لە گوندی بێخچەی شارۆچکەی بلبلێی عەفرین، ٨٢ بنەماڵەی چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورک لەوێ نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا تەنها یەک بنەماڵەیان لە گوندەکەدا ماوەتەوە.

هەروەها لە گوندی هەیومی بلبلێ، ٤٢ بنەماڵەی چەتەکانی سەر بە سوپای دەوڵەتی تورک نیشتەجێ کرابوون، ئێستا تەنها ٨ بنەماڵە ماونەتەوە.

هەروەها لە گوندی ئەلبیسکێی شاری ڕاجۆ پێشتر بنەماڵەی چەتەکان نیشتەجێ کرابوون ئێستا هیچیان نەماون.

هەروەها لە گوندی ئەدەموی ڕاجۆ بنکەی چەتەکان چۆڵکاراوە تەنها یەک بنەماڵەیەکی چەتەکان لەوێ ماونەتەوە، کە ئەوانیش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی گوندەکە بەجێبهێڵن.

لە شارۆچکەی مەیدانا، ڕێژەی ئەو بنەماڵانەی چەتەکان کە شارۆچکەکەیان بەجێهێشتووە، لەسەدا ٩٠٪. ئەو بنەماڵانەیش کەماون خۆیان ئامادە دەکەن بڕۆن.

لە گوندی گەرمۆکی شاری ماباتایا لە کۆی ١٠٠ بنەماڵەی چەتەکان تەنها ٢ بنەماڵە ماونەتەوە کە زۆربەیان سەر بە گروپی "ئەل حەمزات"ن.

هەروەها سەرچاوەکان لە گوندی میرکانی ماباتایا ڕایانگەیاندووە کە بەدەیان ئەندامی چەتەکان و بنەماڵەکانیان بەرەو ناوچەکانی دیکەی سوریا شوێنەکان بە جێهێشتووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەتەکان و بنەماڵەکانیان دیواری باڵه خانەکانیان تێکداوە و دەڕگا و پەنجەره و کێبڵەکانیان دزیوه و بەر لە هەڵهاتنیان هەندێک ماڵیان ئاگر تێبەرداوە.

هەروەها بەپێی دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە گۆڕانی دیمۆگرافیای عەفرین، لە ماوەی ٧ ساڵی داگیرکراوبوونیدا، ١٨ شوێنی نیشتەجێبوون و٥ کەمپ بۆ ٦٤٨ هەزار بنەماڵەی چەتەکان دروستکراوە.

گۆڕانی و دیموگرافی و دابەزینی ڕێژەی کوردان

پێش لە داگیرکردنی عەفرین لە ٢٠١٨ ڕێژەی کورد لە شاری عەفرین لەسەدا ٩٥٪ بوو، بەڵام ئێستا لەسەدا ٢٠٪ ئەم ڕێژەیە کەمی کردووە. هەروەها لە دژی ئەو کوردانەی شوێنی خۆیان چۆڵ نەکردووە هەڕەشەی بە کۆچکردنیان بەردەوامە.