فەرهاد شامی: تیمێکی میتی تورک لە دەستی هێزەکانی ئێمەدان

وتەبێژی ڕاگەیاندنی قەسەدە فەرهاد شامی ڕایگەیاند لە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاقدا تیمێکی میتی تورک هەیە، گوتی: "ئەم تیمەی میتی تورک ئێستە لەژێر دەستی هێزەکانی ئێمەدان، لە ڕۆژانی ئایندەدا بەڵگەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین".

وتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) فەرهاد شامی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) بۆ کەناڵ ٨ قسەی کرد. فەرهاد شامی ڕایگەیاند لە دەسپێکی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق تیمێکی میتی تورک جێگیربوون و ئێستە ئەم تیمەی میتی تورک لە دەستی هێزەکانی ئەواندان.  

فەرهاد شامی گوتی: "زۆرێک لەو کەسانەی ئێستە لە دیمەشق و حەلەب ڕوویان دەپۆشن زۆربەیان میتی تورکن. ئێستە بەڵگە و ڤیدیۆمان لەبەردەستە. بەتایبەت لە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق تیمێکی میتی تورک هەیە. ئەو تیمەی میتی تورک ئێستە لەدەستی هێزەکانی ئێمەدان و ئەوانمان گرتووە. لە ڕۆژانی ئایندەدا ڤیدیۆ و بەڵگەی دانپێدانیان بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە. دەوڵەتی تورک ئێستە ڕاستەوخۆ لەنێو هەموو دامەزراوەکانی سوریادا جێی خۆی کردووەتەوە. لەنێو سوپا و هەواڵگریدا جێی گرتووە. تەنانەت لەنێو کۆمپانیاکان و کۆمپانیای تەلەفۆن و ئینتەرنێت بوونی هەیە. لە شارەکان و بەتایبەت حەلەب و حومس و حەما، جێی خۆی کردووەتەوە. دەیەوێت لەڕووی سیاسی و سەربازی و کەلتووریشەوە سوریا بخاتە بن ڕکێفی خۆی".