ئارامی کۆن و زوانی هۆرامی

لە نێوان زمانی ئارامی کۆن و زوانی هۆرامی دا لێکچوونی زۆر هەیە و ئەو وشە و دەستەواژانەی لە ئارامی دا گوێت لێیان دەبێت، تائیستەش لە زمانی هەورامیدا ماونەتەوە.

لە ئینتەرنێت خەریکی گەڕان بوم بەدوای قەواڵەکانی هەورامانا، توشی ڤیدیۆیەکی سەیر بووم، جارێ دەمەوێت ئێوەی بەڕێز بزانن قەواڵەکانی هەورامان چین و مێژویان چەندە؟
قەواڵە چەرمەکانی هەورامان کە تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە، کێ گەیاندنیە لەندەن و کام ڕەز و باخی کوردستانیان تێدا فرۆشراوە؟

بەڕێز سۆران حەمەڕەش لەبارەی قەواڵەکانەوە بەم جۆرە باس دەکات:

"چیرۆکی ئەم قەواڵانە سەرنج ڕاکێشە؛ لە ساڵی ١٩١٣ دا پیاوێکی کورد کە پزیشکە و ئینگلیزی زانێکی بە توانایە، بە مەبەستی خوێندنی زیاتر لە بوارەکەی و کڕین و هێنانەوەی دەرمانی زیاتر، دەگاتە لەندەن. ئەم بلیمەتە، جگە لەو هۆکارانە، لەگەڵ خۆیدا سێ پارچە چەرمی دێرین دەهێنێت بۆ لەندەن و دەیگەینێتە دەست پرۆفیسۆرێک لەوێ بۆ خوێندنەوەی. قەواڵەکان لە لەندەن لە بازاڕێکی تایبەتدا دەفرۆشرێن و خۆشبەختانە مۆزەخانەی بەریتانی دەبێتە خاوەنیان.
ئەو زاتەی کە قەواڵەکان دەباتە لەندەن، بە دکتۆر سەعید خانی کوردستانی- ناسراوە و لە بنەچەدا ناوی سەعید کوڕی مەلا رەسوڵی مەریوانیە. بە پێی ناوەکەی دیارە مەریوانی بووە بەڵام لە شاری سنە لە ساڵی ١٨٦٢ لە دایکبووە. سەی سەعید لە منداڵیەوە لای باوکی فارسی و عەرەبی و قورئانی خوێندووە و دوایی لە حوجرە بەردەوامی داوە بە خوێندن و ئاشنا بووە بە فیقهی ئیسلامی و ڕێزمانی عەرەبی و فارسی. لە دوانزە ساڵیدا باوکی دەمرێ و پاش ماوەیەک دەست دەکات بە وانە گووتنەوە و لە نزیکی ساڵی ١٨٨٨ دا کۆمەڵێک بانگخوازی کریستیان ڕوودەکەنە شاری سنە و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان، دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئاینی کریستیان و واز لە ئاینی ئیسلام دەهێنێت و دەچێتە سەر ئەو ئایینە. لەو کاتەوە ئاڕاستەی ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت، بەهۆی زیرەکی خۆی و لە ڕێگای ئەو کەسایەتیە کریستیانانەوە لە شاری هەمەدان لای ئەوان دەبێتە پزیشک و بۆ مەبەستی خوێندن، سەی سەعید دەچێتە سوید و بەریتانیا و دکتۆرا لە بواری پزیشکیدا وەردەگرێت. ئەو سەردەمە بوونی کەسێکی کورد بە پزیشک لەسەر ڕێچکەی ئەوروپی، شتێکی نوێ بووە و لە کاتێکدا بوونی بە کریستیان هەندێک مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات، لە هەمان کاتدا بوونی بە پزیشک پلە و پایەی لە ناو خەڵکدا بەرزدەکاتەوە و بە جۆرێک ئەو پیشەیە تا ڕادەیەک پارێزگاری لە ژیانی بۆ پێکدەهێنێت.
چەرمەکان تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە و لە ڕووی خۆشکردنەوە نایاب نین و لە هەندێک شوێندا زیادە چەرم کێشەی بۆ نووسەرە دێرینەکەی چەرمەکە دروستکردووە. قەبارەی چەرمەکان بەم شێوەی خوارەوە بە پێوەری سانتیمەترین:
١٤ بە ٢٤
٢١ بە ٢٧
١٥ بە ٩.٥
تێکستە یۆنانیەکە قەواڵەی زەوی فرۆشتنە، کە لە ژێر سایە و ناوی پاتشای ئەشکانیاندا نووسراون و بە سیستمی یاسایی یۆنانی نووسراون. دراوی بەکارهاتوو بریتیە لە دراخمای یۆنانی (کە عەرەبەکان زۆر درەنگ وەریان گرتووە و کردوویانەت درهەم).
تێکستەکە ئاماژە بە ناوچەی زەویەکە بە گشتی و گوندێک بە تایبەت دەکات و شوێنی زەویەکە بە ڕوونی دەستنیشان دەکات کە ڕەزێکە. لە قەواڵەکەدا ووردەکاری زۆر هەیە؛ پابەندبوونی یاسایی هەردوولا دەستنێشان دەکرێت و ناوی فرۆشیار و کڕیار و شایەتەکان بە ڕوونی تۆماردەکرێت. لەو تێکستەدا ناوی چەند گوند و کەسایەتیەک مایەی سەرنج ڕاکێشانە کە ئەمانە هەندێکیانن:
ناوی کەسەکان: دێنۆباز/دینۆواز، هاپەک، وەرکەداد، خەسرەو، فەرهاد، ئۆچۆبەگ، ئەسپۆمەک، میرەبەندەک، ئەردێن
ناوی گوند و شوێن: بەیسێیرە/باسەڕە، گەنجەکان، وەرکەداد، کۆپان/کۆپانیس، دادبەکەباغ، دادبەکەڕەز.
هەندێک لە ناوەکان وەک "میرداد" بە تەواوی مۆرکی کوردی پێوەیە و سەرنجی لێکۆڵەرانیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، لەبەر ئەوەی کە لە بەڵگەنامە پەهلەویە ئاساییەکاندا ناوەکە دەبێتە "میهرداد" و لەو بەڵگەنامەیەدا کوردێنراوە و کراوەتە میرداد. دەبێت ئەوە بزانرێت ناوەکان بە زمانی یۆنانی نووسراون و ناسینەوەی ناوەکان تۆزێک گرانە لەبەر ئەوەی هەندێک جار بە حوکمی مانەوەی ئەو زمانە بۆ چەندین سەدە لە کوردستاندا، ناوە ناوچەییەکان شێوە یۆنانی خۆی هەبووە و ئەمڕۆ ناسینەوەیان ئاسان نیە، جگە لە ناوە ناسراوە دێرینەکانی وەک میرداد و خەسرە و فەرهاد. ناوی ئۆچۆبەگ وەک ئوسوبەگ/وسوبەگ دەردەکەوێت.
جگە لەو دووچەرمەیان کە بە زمانی یۆنانین، چەرمی سێیەمیان بە ئەلفوبێی ئارامیە. جا هەرچەندە ئەلفوبێکە ئارامیە، بەڵام زمانی ئارامی پێ نەنووسراوە و ئەم پارچە چەرمەش هەر قەواڵێکە و بە زمانێکی تێکەڵ نووسراوە و لێکۆڵەران بە لای پەهلەویدا پەسەندی دەکەن.
ئێدمۆندس کە فەرمانبەری دەوڵەتی بەریتانیا بووە لە کوردستان و شارەزایی هەبووە سەبارەت بە ناوچەکانی کوردستان و ئاشنای فەرهەنگی کوردی بووە، لە ساڵی ١٩٥٢ دا و دوای نزیکی چل ساڵ لە خوێندنەوەی تێکستەکان، لە لێکۆڵینەوەیەکدا هەوڵی داوە کە شوێنی ئەو ڕەزە بدۆزێتەوە کە لە قەواڵەکەدا فرۆشراوە. ئێدمۆندس پێی وایە کە ناوی "کۆپان/کۆفان" بەشی "ان" ی پاشگری ناوەکە یۆنانیە بۆ ئاماژە بە شوێن و وشە بنچینەییەکە خۆی لە پەهلەویدا ماوە بە شێوەی "کۆف" کە ئەمڕۆ بە "قۆپی قەراخ" ناسراوە و ناوەکەی دووەم کە بریتیە لە " بەیسێیرە/باسەڕە" ئەمڕۆ وەک خۆی وەک باسەڕە ماوە و ئێدمۆندس پێی وایە کە ئەو ڕەزەی کە فرۆشراوە لەلای شاخی قۆپی قەرداخی نزیک سلێمانیەوە بووە. لە ڕاستیدا لە تێکستەکاندا ناوی ڕەزەکە و چەند ناوێکی تر بە شێوەی، دابەکانڕەز/دادبەگانڕەز، دادبەگەباغ/دادبەکەباغ، گەنجەکان... دەردەکەوێت. بە دڵنیایی لەو سەردەمدا لە کوردستان بە جۆرێک لە کوردی دێرین قسەکراوە، بەڵام بۆ نووسینی نامە ڕەسمیەکان زمانەکانی ئارامی، یۆنانی و دواتر پەهلەوی بەکارهاتوون. واتە کورد ئەدەب و زانست و نووسینی خۆی بە زمانی کوردی نووسیوە و تەنها بۆ بابەتە ڕەسمیەکانی وەک قەواڵە ئەو زمانانەیان بەکارهێناوە کە ئاماژەی پێکرا." (وتارەکەی کاک سۆران لێرەدا تەواو)

ئەوەی سەرنجی راکێشام ئەو ڤیدیۆیە بوو کە ژنێکی کوردی جو بە زمانی ئارامی قسە دەکات و نوسراوە زاراوەی زاخۆ، بەڵام لەقسەکاندا ئەگەر سەرنج بدەی ئەم شتانەت گوێ لێدەبن کە تائیستەش لە زمانی هەورامیدا ماونەتەوە:
-  نانەوا کریاوە.
-  مەنیچش.
-  لوا بەخێر.
-  ئەچێ چێوا.
-  دۆڵەمەنەکێ و ملیخەکێ.
-  وەڵا برا ئێمە دەسگیراندارە بیاوە.
-  بەشیشمێ و بەشاکار.
-  هیچ لاێوە.
-  من لوانێ وا.
-  مەرگ جە خەمی ستاند.
-  بلانێ.
-  سینیێ.
-  مەتییە.
رەنگە زۆر وشەی تری تێدا بێت ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین.
لەسەر ئەم بابەتە قسەیەک ناکەم، خەریکم لەسەر زمانی ئارامی کۆن و پەیوەندی بە هەورامی ئێستاوە دەخوێنمەوە، چونکە وشەکانی ( ئور، ئۆرامان، ئۆرفە، ئۆرشەلیم و هتد ) زۆر شتمان پێدەڵێن لەبارەی ( ئۆر) و ئەو پاشگرانەی تر، ئەویش پەیوەستە بە دۆزینەوەی ( ئۆر، ئێر، ئاویر، ئاور، ئاتر، ...هتد)..

لینکی قسەکانی ژنە جوەکە: 

 

نویستەی: نامق هەورامی