٤١ ساڵە سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکرێت
تورکیا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە ڕۆژ بە ڕۆژ داگیرکارییەکانی لەسەر خاکی عێراق فراوان دەکات. ئێستا بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی عێراقدایە. ئەم دۆخە بە شێوەیەکی بەرفراوان سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات.
تورکیا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە ڕۆژ بە ڕۆژ داگیرکارییەکانی لەسەر خاکی عێراق فراوان دەکات. ئێستا بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی عێراقدایە. ئەم دۆخە بە شێوەیەکی بەرفراوان سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات.
بەهۆی بەزاندنی ئاسمانەکەیەوە لە لایەن ئیسرائیلەو، عێراق چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام دا، تەنانەت پەرلەمانی عێراقیش کۆبوویەوە. لەم چوارچێوەیەدا عێراق وڵاتانی عەرەبیشی لە تورکیا کۆکردەوە، بەڵام ئەو پرسیارە بە بیری مرۆڤدا دێت ئایا دەوڵەتی تورک جێی چارەسەرییە، لە کاتێکدا خۆی عێراقی داگیرکردوە؟
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە شەنگال سەدان جار بۆردومان کراوە و دەیان پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێزدی شەهید بوون، بەڵام دەوڵەتی عێراق بێدەنگ بووە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە بێدەنگییەکی زۆر هەیە لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا لەسەر ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتی لە شەنگال کە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و هەروەها لە رووی ستراتیژییەوە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە.
بارەگای زیلیکان لە بەعشیقە کە سەربازانی تورکی تێدایە و نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای موسڵەوە دوورە، دیسان عێراق لەبەرنبەر ئەمەشدا بێدەنگە. ئەم بارەگایە بە شێوەیەکی نایاسایی لە خاکی عێراقدایە و بوونی بارەگایەکی وەها ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. هەرچەندە زۆرێک لە لایەنە عێراقییەکان داوایان کردووە ئەم بنکەیە چۆڵ بکرێت و ڕادەست بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورک هەموو ئەو شتانەی پشتگوێ خستووە.
بە سەدان گوندی باشووری کوردستان بەهۆی داگیرکاری تورکیا چۆڵکراون و سووتێنراون. ئەمەش زیانێکی زۆری بە هاووڵاتیان و ژینگە گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ وەڵامێکی جددی لەلایەن حکومەتی عێراق و باشووری کوردستانەوە نییە.
دۆخی ئێستای نێوان دەوڵەتی تورک و هێزە کوردییەکان، بەتایبەتی لەسەر پرسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تاوەکو ئێستا لە پراکتیکدا یەکلایەنەیە. هەرچەندە گەریلا ئاگربەستی ڕاگەیاند و هەنگاوی ئەرێنییان بەرەو چارەسەری سیاسی هەمیشەیی ناوە، بەڵام دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی ئەم هەوڵانەی نەداوەتەوە. بەپێچەوانەوە دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بە شێوەیەکی سەخت لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و هەنگاوەکە دوادەخات.
گەریلا بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و نیشاندانی ئیرادەی دیالۆگ، نیازی بۆ چارەسەری نیشان دا، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم بانگەوازەی بەبێ وەڵام هێشتۆتەوە و لەبری ئەوەی بەدوای ڕێگەی دیالۆگدا بگەڕێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی زیاتر کردووە. ئەم هێرشانە نەک تەنها دەبنە هۆکاری زیانی گیانی و زیانی ماددی لێدەکەوێتەوە، لە هەمانکاتدا کەشی متمانە و دیالۆگیش تێکدەدەن.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی هەمیشەیی تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانی نێوان هەردوولاوە بەدی دێت. کاتێک لایەنێک هەوڵی ئاشتی دەدات و لایەنەکەی تر بە هێرش وەڵامی دەداتەوە، ئەمە هەموو دەرفەتەکانی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتییەکی شکۆمەند ناهێڵێت. ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک هەوڵەکانی چارەسەری پرسی کورد لەناو دەبات.
تورکیا و عێراق لە ساڵی ١٩٨٤ لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بە ڕێگەی تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەوە واژۆ کرد کە ڕێگەی بە سوپای تورکیا دەدا هەتا ٥کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی عێراقەوە. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە تەنها بۆ ماوەی یەک ساڵ بوو، واتە لە ساڵی ١٩٨٥دا کۆتایی هات، ئیتر هیچ ڕێککەوتنێکی تر لە نێوان هەردوولادا بوونی نییە کە ڕێگە بە تورکیا بدات بچێتە قووڵایی خاکی عێراقەوە. بەڵام سەرەڕای ئەمە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٥ کیلۆمەتر تێپەڕی و ئێستا گەیشتووەتە٥٠کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی عێراق.
هەروەها بێدەنگی عێراق سەبارەت بە داگیرکارییەکانی تورکیا پرسیاری زۆری لێدەکەوێتەوە. کاتێک ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بەکاردەهێنێت، عێراق بە پەلە کاردانەوە نیشان دەدات و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەڵام لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و پێشێلکارییەکانی کە ماوەی ٤١ساڵە بەردەوامە، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش ڕەنگە هۆکاری زۆر بێت، یەک لەوانە ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەم دواییانەدا لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراون. لەبەرامبەر ئەو ڕێککەوتنانەدا کە زۆر خاڵی لەخۆ گرتبوو، عێراق تەنها داواکاری لە تورکیا ئەوە بوو کە پشکی ئاوی بەسەردا نەگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا تورکیا لەو بارەوە هیچ پشکێکی بە گوێرەی نێونەتەوەیی ئازاد نەکردووە، هەروەها کەمبوونەوەی ئاو بووەتە هۆی چۆڵکردنی بەشێک لەناوچەکان و ئاوارەبوونی سەدان گوندی باشووری عێراقی لێکەوتووتەوە.
وا دەردەکەوێت کە بارودۆخی ئێستای عێراق کە سەروەری وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشێل دەکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا بە هۆکاری جیاواز دیسان هەر بێدەنگ دەبێت. بەڵام ئەم بێدەنگییە نەک هەر زیان بە سەروەری خاکی عێراق دەگەیەنێت، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی دەبێت.