ڕینێ لی میگنۆ: مۆدێلی ڕۆژئاوا هیوایە بۆ داهاتووی سووریا

ڕینێ لی میگنۆ جەختی لەوە کردەوە کە نابێ داهاتووی سووریا بە دیکتاتۆرێکی ئیسلامی توندڕەو بسپێردرێت و وتی: "مۆدێلی ڕۆژئاوا بۆ داهاتووی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیەکی بێهاوتایە."

هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانکاری سەرەکی لە هاوسەنگی سەربازی و سیاسی لە سووریا بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام هێشتا داهاتووی ئەو وڵاتە دیار نییە. بە ڕووخانی ڕژێم بەتەواوی کۆتایی بە شەڕ و گرژییەکان نەهاتووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە خێرایی کەوتە پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نوێیەکان و بۆ دروستکردنی 'سووریایەکی نوێ' دەستیان بە پرۆسەی دیپلۆماسی کرد.

تەحریر شام (هەتەشە) کە بە خێرایی بۆشایی دەسەڵاتی پڕکردەوە، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی ڕاگوزەری دەسەڵاتی لە ئەستۆ گرت. محەممەد جولانی، سەرۆکی ڕێکخراوی هەتەشە تا ئێستاش وەک فەرماندەی گروپێکی چەکدار دەبینرێت، بەڵام کەسایەتیە جیهانییەکان هیوادارن لە ڕێگەی ئەوەو گۆڕانکاریی سیاسی ڕووبدات و ببێتە کەسایەتییەکی سەرەکی لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا.

بەڵام زۆری نەکێشا ئەم دۆخە گەشبینە نیگەرانی لێکەوتەوە. بەتایبەت لە کاتێکدا کە زانیاری لەبارەی کوشتنی عەلەویەکان لە ناوچە کەناراوییەکان بڵاو ببوەوە، لەلایەن بیروڕای گشتی وئاستی نێونەتەوەییەوە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە. حکومەتی کاتی جۆلانی هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای لەبارەی هێرشەکانەوە نیشان نەدا، ئەمەش نیگەرانی زیاتری دروستکرد کە سەردەمی داهاتوو یەکگرتوویی و ئاشتیانە نابێت. سەرەڕای هەموو ئەم ڕووداوانە، ئێوارەی ٢٩ی ئادار، جۆلانی کە نازناوی سەرۆککۆماری وەرگرتووە، پێکهێنانی "حکومەتی کاتی سووریا"ی کە لە ٢٣ کەس پێکهاتبوو ڕاگەیاند. بەڵام لێژنە ڕاگەیەندراوەکە نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی داهاتوو دوورە لە فرەچەشنی کۆمەڵایەتی و خاوەنی عەقڵیەتێکی یەکپارچەیە. کردەوە سیاسییەکانی جۆلانی کە مەیلی دەسەڵاتخوازییە و بەدوورە لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی هەمە لایەنە، پرسیاری جددی لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا سەبارەت بە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە سووریا دروستکردووە.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی تورکیا کە گەورەترین لایەنگری هەتەشە و چەتەکانە بەردەوامە لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و داگیرکارییەکانی.

ڕینێ لی میگنۆ، هاوسەرۆکی بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان و بەرەنگاربوونەوەی لە دژی ڕەگەزپەرستی مراپ (MRAP)لە فەرەنسا، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و گرنگی مۆدێلی ڕۆژئاوا بۆ داهاتووی سووریای لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاند.

'دژبەرییەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا تاوانە'

ڕینێ لی میگنۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سووریادا ڕووی نەداوە و ئاماژەی بەوەدا کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، کۆمەڵکوژییەکان و بوونی داگیرکاری وڵاتانی بیانی لە سووریادا بەردەوامە. ئەوەشی گوت کە حکومەتی تورکیا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریاوە سیاسەتێکی دوژمنکارانەی دژ بە گەلی ڕۆژئاوا پەیڕەو کردووە و وتی: "هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە هەم تاوانی شەڕە و هەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی. هەر وەک چۆن لە دادگای گەل لە ڕۆژئاوا بە بەڵگەوە نیشاندرا، حکومەتی تورکیا ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر کەسانی مەدەنی لە ڕۆژئاوا. بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژنان، منداڵان و بنەماڵەکان، کەسانی مەدەنی دەکوژرێن. حکومەتی تورکیا تەنها هێرش ناکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵکو بەنیازە سیستمی کۆمەڵایەتی و پێکەوژیانی ڕۆژئاوا بەتەواوی لەناو ببات. بێسەروشوێن کردن، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، هەموو ئەمانە بە تاوانی شەڕ دادەنرێت. لەناوبردنی بە ئەنقەستی کولتوور و کۆمەڵگایەک دژی مرۆڤایەتی بە تاوان هەژمار دەکرێت."

' تێدەکۆشین بۆ دەر‌هێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر'

ڕینێ لی میگنۆ ڕەخنەی لە ڕێبازی ئەورووپا بەرامبەر حکومەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی ئەورووپا سەبارەت بە باج وەرگرتنەکانی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان بێدەنگی دەنوێنن. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێشتر لەو دادگایانە کە تاوانەکانی تورکیا دژی گەلی کورد تێدا دادگایی دەکران بەشداریم کردبوو، لەوێدا ئەنجامەکانی پەیوەست بە پەکەکە بۆ ئێمە گرنگ بوون، دادگا ڕووداوەکانی نێوان پەکەکە و تورکیە وەک شەڕی چەکداری دەبینێت و بە ڕوونی نیشان دەدات کە پەکەکە ڕێز لە ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ دەگرێت، ئەو کەسەی کە بەپێی ئەم ڕێککەوتنە لە ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەی کوردستان نزیک نابێتەوە. خودی حکومەتی تورکیایە. بە لەبەر چاوگرتنی ئەم بابەتانەوە ئێمە وەک بزووتنەوەیەک داوا لە فەرەنسا دەکەین پەکەکە لە لیستی 'تیرۆر' دەر بهێنێت.

'ئەورووپا لە بەرانبەر باج وەرگرتنەکانی تورکیا بێدەنگە'

سەرەڕای ئەم ڕاستییانە، گەلی کورد هەمیشە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانە. ڕێبازی ئەورووپا بە تایبەتی پەیوەندی بە ڕەشبگیرییەکانی تورکیا سەبارەت بە کۆچبەرانەوەیە. تورکیا دەڵێت: "ئەگەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئیدانە بکەن، سنوورەکان بۆ چوونە ناو ئەورووپا بەڕووی کۆچبەراندا دەکەمەوە. ئەمە درۆیە. جگە لەوەش کردنەوەی دەرگا بەڕووی کەسانێکدا کە لە دەستی شەڕ و دیکتاتۆری هەڵدێن، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە. ئەوەی تورکیە دەیکات باج وەرگرتنە، ئەوروپاش لە بەرانبەر ئەم باج وەرگرتنە تەسلیمە."

'رۆژئاوا مۆدێلێکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێت بپارێزرێت'

ڕینێ لی میگنۆ ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا دەیەوێت سیستەمی ڕۆژئاوا کە مۆدێلێکی بێوێنەیە بۆ دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوببات و وتی: "مۆدێلی ڕۆژئاوا بۆ دیموکراسی، پێکەوەژیان و مافی گەلانی کەمینە -لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتیەوە، نموونەیەکی جێی ڕێزە. یەکسانی ڕەگەزی تێدا زۆر گرنگە. لە ناوچەیەکدا کە توندوتیژی و هەڕەشە دژ بە ژنان پەیڕەو دەکرێت، ماف و ئازادی یەکسانی ژنان لە ڕۆژئاوا بە ڕاستی نموونەیەکە بۆ هەموو ناوچەکە. هەبوونی ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوا باشترین نیشانەی هێزی ژنانە. ئەو مافانەی کە ژنان لەم هەرێمەدا لێ بەهرەمەندن، بەڕاستی بێوێنەیە. ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە. هەرچەندە هێرشی وێرانکاری بەسەریدا دەسەپێندرێت، بەڵام ئەم سیستەمە نموونەیەکی بێوێنەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدڵنیاییەوە دەبێت لە ڕوانگەی مرۆیی و سیاسییەوە پارێزراو بێت."

'داهاتووی سووریا گرێدراوە بە مۆدێلی ڕۆژئاواوە'

ڕینێ لی میگنۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی توندڕەوی هەتەشە کە لە سووریا هاتۆتە سەر دەسەڵات مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتوو و ڕایگەیاند کە مۆدێلی ڕۆژئاوا دەتوانێت باشترین چارەسەر بێت بۆ هەموو کێشەکانی سووریا و وتی: "زۆر کەس دڵخۆش بوون بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام ئەگەر دیکتاتۆرێکی ئیسلامی جێگەی دیکتاتۆرێکی لائیک بگرێتەوە، لە ئێران بینیمان کە بەرەو چی ئاراستەیەک دەبات. بۆیە تا ئیسلامییە توندڕەوەکان لە دەسەڵاتدا بن، ناتوانین متمانەمان بەو سیستەمە هەبێت کە لە سووریادا هاتووتە سەر کار. بەڵام ئەگەر مۆدێلی ڕۆژئاوا بە بنەما وەربگیرێت، سووریایەکی دیموکراتی بنیات دەنرێت، سیستەمێک دروست ببێت کە دان بە مافەکانی کورد و گەلان و کەمینەکانی دیکەدا دەنێت، بۆیە بەڕاستی سیستەمی ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێتە هیوایەک بۆ داهاتووی سووریا."