هێرشەکانی ئەمریکا لە یەمەن: ١٢ کوژراو و ٣٠ برینداری لێکەوتەوە

حوسییەکان ڕایانگەیاند لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەنعای پایتەخت، ١٢کەس کوژراون و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

تا دێت هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن بەربڵاوتر دەبێتەوە. شەوی یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند شوێنێکی شاری سەنعای پایتەختیان بوردومان کرد.

بە گوێرەی راگەیاندنەکانی حوسیەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ١٢ کەس کوژراون و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە هێرشەکەدا بازاڕێکی گەڕەکی فەروە لە ناوچەی شعوب کراوەتە ئامانج. ئەم ناوچەیە پێشتریش لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە هێرشەکانی شەوی یەکشەممەدا ناوچەکانی سەرۆککۆماریی کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشە دوای هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری نەوتی ڕاس عیسای یەمەن ڕوویداوە کە بەو هۆیەوە لانیکەم ٧٤ کەس کوژران و ١٧١کەسی دیکەش بریندار بوون.