٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە مەنبەج ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر کۆگاکانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدا و ٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆنی دەست بەسەردا گرت.

قەسەدە لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا دەڵێت: "تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر بە هێزەکانمان، قەسەدە، چوارشەممەی ڕابردوو لە مەنبەج ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر کۆگاکانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدا. هێزەکانمان پاش زانیاری وەرگرتن دەربارەی شوێنەکانی مادەی هۆشبەر، چالاکیان ئەنجامدا. هێزەکانمان هەڵیانکوتایە سەر کۆگایەکی نزیکی بازاڕی سەوزەفرۆشانی مەنبەج و دەستیانگرت بەسەر ٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆن کە لەژێر بەردی شەقامەکەدا شاردرابوونەوە. لە لێکۆڵینەوەی هێزەکانمان دەربارەی سەرچاوەکانی مادە هۆشبەرەکان، دەرکەوت کە مادەکان لە تەرتوسی سوریاوە هێنراونەتە مەنبەج".

ڕژێمی شام و تورک مادەی هۆشبەر بەڕێوەدەبەن

لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی بی بی سی نیوزی عەرەبی و تۆڕی ڕۆژنامەوانی لێکۆڵینەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بازرگانی ملیاران دۆلاری مادەی هۆشبەری نێوان ئەندامانی باڵای هێزە چەکدارەکانی سوریا و بنەماڵەی بنەماڵەی سەرۆکی دەوڵەتەکە بەشار ئەسەد هەیە.

ئاژانسی فرانس پرێس ماوەیەک پێشتر هەواڵێکی لێکۆڵینەوەی بڵاوکردەوە، تیشکی خستەسەر ئەوەی حەبی کیپتاگۆن سوریای کردۆتە "دەوڵەتی مادەی هۆشبەر"ی جیهانی. لە هەواڵەکەدا هاتووە، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک گواستنەوەی فراوانی کیپتاگۆن ئەنجام دەدەن. بەگوێرەی لێکۆڵەرێکی هەرێمی کە ڕوانینەکانی لە هەواڵەکاندا جێ دەگرن، لایەنی تورکی لەم بازرگانییەدا جێگەیان گرتووە. لێکۆڵەرەکە دەڵێت، سەرچاوەی ئەو ماتریاڵانەی حەبی کیپتاگۆنی لێ دروست دەکرێت، تورکیایە.