چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین دوو کەسی دیکەیان رفاند

راگەیەندرا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە عەفرین دوو کەسی دیکەیان رفاندووە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە مانگی کانوونی دووەمدا لە لایەن چەتەکانی رفێندراون گەیشتە ٣٨ کەس.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند کە چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢ دانیشتووی گوندی گولیای خوارووی ناوچەی راجۆیان رفاندووە.

سەبارەت بە وردەکاری رفاندن کە رێکخراوەکە لە زاری شایەتحاڵەکانەوە وەریگرتووە، ئەوە خراوەتەڕوو کە دوێنێ چەتەکان هەریەک لە محەمەد نەعسان تەمەن ٥٧ ساڵ و عەبدۆ محەمەد بەکر تەمەن ٥٣ ساڵیان رفاندووە.

هەروەها چەتەکان رۆژی ٢٤ی کانوونی دووەم لە گوندی بەیی لە ناوچەی سێراوا کەسێکیان بە ناوی سلێمان جومعە محەمەد تەمەن ٣٩ ساڵ رفاند.

پێشتریش لە ١٧ و ٢٤ی کانونی دووەم ٣ دانیشتووی عەفرینیان رفاندبوو کە یەکێکیان کەمئەندامبوو.

ناوەندی تۆمارکردنی بەڵگەکانی تاوانەکان لە راپۆرتەکەیدا ناوی ٣٢ دانیشتووی عەفرینی بڵاوکردبووەوە کە لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە رفێندرابوون.

تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دژی دانیستوانی عەفرینی داگیرکراو، بەردەوامن.

هـ . ب