دانیشتووانی عەفرین و شەهبا دژی گەمارۆی حکومەتی شام ڕێپێوانیان کرد

دانیشتووانی عەفرین و شەهبا، دژی گەمارۆی حکومەتی شام کە ٦ ساڵە لەسەر هەرێمی شەهبا دەیسەپێنێت، ڕێپێوانیان کرد و گوتیان "گەمارۆ ناتوانێت ئیرادە و بەرخۆدانی ئێمە لاواز بکات".

هێزەکانی حکومەتی شام لە ڕێگەی بازگەکانی لیوای چوارەوە ماوەی ٦ ساڵە گەمارۆییەکی سەختیان بەسەر هەرێمی شەهبادا سەپاندووە.

لە ٢٣ی تشرینی دووەمەوە، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و هەموو پێداویستیەکانی ژیان، هەرێمی شەهبا ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بووەتەوە. هەموو دەرفەتەکانی ژیان وەک (کارەبا، خزمەتگوزاری تەندروستی، خزمەتگوزاری و هتد) بڕاوە.

ئەمڕۆ کۆچبەرانی عەفرین و خەڵکی شەهبا لە دژی ئەم ڕێکارە ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی ناوچەی ئەحداسەوە دەستی پێکرد و بەرەو بازگەی هێزەکانی حکومەتی شام لەسەر ڕێگای حەلەب بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "گەمارۆدان ڕێگەکانی ژیان دەوەستێنێت و ئازارەکان زیاتر دەکات"، "نا بۆ گەمارۆدانی شەهبا"، "ڕێکخراوە مرۆییەکان لەکوێن؟"، "سیاسەتی گەمارۆدان کارەساتێکی مرۆیی دەهێنێت" بەرزکرانەوە. هەروەها درووشمی "یەکە، یەکە، یەکە، گەلی سوریا یەکە"، "بژی خوشک و برایەتی گەلان" و "نا بۆ گەمارۆدان" بەرزکرانەوە.

کۆچبەرانی عەفرین دووپاتیان کردەوە، سیاسەتی گەمارۆدان ناتوانێت بەرخۆدانیان بشکێنێت.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان. موستەفا حەسەن لەسەر ناوی گەلی عەفرین و شەهبا گوتی: "ئەگەر حکومەت وەها بیردەکاتەوە بەم گەمارۆدانە ئیرادەی گەلەکەمان دەشكێنێت، هەڵەیە. چونکە گەلەکەمان ڕێکخراوە و هیچ کاتێک بە سیاسەتەکانی وەک گەمارۆدان هەڵناخەڵەتێت. بەپێچەوانەوە ئاستی بەرخۆدانیان بەرزتر دەکەنەوە".