هێرشی ئاسمانی قامیشلۆ ٤ شەهیدی لێکەوتەوە

ڕاگەیاندرا لە ئەنجامی بۆردومانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر گەڕەکی ماحاتایی شاری قامیشلۆ، ٤ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناخۆ شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند کە لەئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ٤ شەڕڤان شەهیدبوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم زانیاریانە بڵاوکراوەتەوە: " بۆردومانکردنی سیستەماتیکانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەسەر هەرێمەکان و ناوەندەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامە. ئەم بەیانیە فڕۆکەیەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوەندی هێزەکانمانی لە قامیشلۆ بۆردومانکرد و لە ئەنجامدا ٤ هەڤاڵمان شەهید بوو و یەک هەڤاڵیش برینداربوو".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەو کاتەی هێزەکانمان دەیانویست بچنە ناوەند، بۆ پێداویستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی کامپی هۆڵێ، لەوکاتەدا، هێرشەکە ئەنجامدرا. ئەمە دەرخەری هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە بۆ چەتەکان، کە خواستێتی زیندویان بکاتەوە و هێرشی تیرۆرستی لە دژی ئاسایشی هەرێمەکان ئەنجام بدەن".

لە کۆتایدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڵێنیان دوپاتکردەوە، کە هەمیشە ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە بپارێزن.