کانتۆنی فورات و ٦٦٠ گوندەکەی بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بێ کارەبا بوون

هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزەی کانتۆنی فورات، عایشە ناسر وتی: "دەوڵەتی تورک بەرامبەر ئیسرائیل دەوەستێتەوە و دەڵێت ئەوەی لە فەلەستین ڕوو دەدات دژی مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەی کردەوەکانی خۆی چییە؟ "

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٤ی کانوونی دووەمدا هێرشی کردە سەر وێستگەی کارەبای کۆبانێ و لەو کاتەوە شارەکە و لادێکانی بێ کارەبا ماونەتەوە. هاوکات حکومەتی تورکیا هێرشی کردە سەر وێستگەی کارەبای عەین عیسا و لە ئەنجامدا٣٠٠ گوند و ناوچەی عەین عیسا بێ کارەبا مانەوە.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزەی کانتۆنی فورات، عایشە ناسر، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر وێستگەی کارەبای کۆبانێ،  قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

'٣٠٠ گوند و ناوچەی عەین عیسا بەبێ کارەبان'

عایشە ناسر ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی کانوونی دووەم دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر هەرێمەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد، ژێرخانەکانی هەرێمەکانی کردووە ئامانج و ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک ناوەندە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لە کانتۆنی فوراتی کردووە ئامانج، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە عەین عیسا، وێستگەی کارەبای ١٠ مێگاواتی شارۆچکەکە و گوندەکانی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٣٠٠ گوند و شارۆچکەی عەین عیسا بێ کارەبا بوون".

'لە کۆبانێ و عەین عیسا٦٦٠ گوند بەبێ کارەبا مانەوە'

عایشە ناسر لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەی سەر وێستگەی کارەبای عەین عیسا، وێستگەی کارەبای کۆبانێ بۆردومان کرا و بەردەوامی هەبوو، وێستگەی کۆبانێ، کە ٣٠ مێگاواتی بۆ شارەکە و لادێکانی کۆبانێ دابین دەکرد وێران کرا. لە ئەنجامدا شاری کۆبانێ و٣٦٠ گوند لە ١٤ی کانوونی دووەمەوە بێ کارەبا بوون. بە گشتی ٦٦٠ گوندی کۆبانێ و عەین عیسا کارەبایان نییە".

عایشە ناسر ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هێرشێکی نوێ نییە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بەردەوامن و وتی: "دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت تۆڵەی داعش لەگەلەکەمان بکاتەوە و دووبارە زیندووی بکاتەوە. بە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی هەرێمەکە دەیەوێت ناوچەکە چوڵ بکرێت".

عایشە ناسر وتی: " دەوڵەتی تورک بە ڕوونی لە لێدوانێکدا دژ بە ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر حەماس دەیکات و نەخۆشخانەکان دەکاتە ئامانج، نامرۆڤانە و نائەخلاقییە، بەڵام دەوڵەتی تورک بە هەمان شێوە نەخۆشخانەکەی کۆبانێ کردە ئامانج، چونکە ئەو نەخۆشخانەیە بە خۆڕایی خزمەتی گەلی دەکرد، نەخۆشخانەکە ئێستا ناتوانێت بۆ ماوەیەک خزمەت بکات، دەوڵەتی تورک لە بەردەم میدیاکان لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، ئەوەی ئیسرائیل دژی حەماس و گەلی فەلەستین دەیکات دژی مرۆڤایەتی و نائەخلاقییە و دەڵێت نەخۆشخانەکان دەکاتە ئامانج. بەڵام خۆی نەخۆشخانەکان، شوێنە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج، داگیرکەری تورک کەڕە و ئەمانە نابیسێ، دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی ئێمەش هەمان کردەوەی ئیسرائیل دەکات، ئەی ئەمە چییە؟