خەڵکی دربێسی چالاکییان بۆ پشتیوانیکردن لە قەسەدە رێکخست

هاووڵاتییانی ناوچەى دربێسی لە کانتۆنی حەسەکە بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) چالاکییان ئەنجامدا.

لە ناوچەى دربێسی لە رۆژئاوای کوردستان، ریشسپییان، رۆشنبیران و پارتە سیاسییەکان بە رێکخستنی چالاکییەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان ئیدانە کرد. چالاکییەکە لە گۆڕەپانی شەهیدان بەڕێوەچوو.

هەیسەم خەلیل ئەندامی کۆمیتەى ریشسپیانی دربێسی راگەیاندراوێکی خوێندەوە و لە راگەیاندراوەکەدا، هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە دژی هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی عەین عیسا بە تاوانی تیرۆر ناساند.

خەلیل رایگەیاند، لە دژی هێرشەکانی سوپای تورک دەوەستنەوە و وتی، "گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا شەڕیان ناوێت، بەڵکو هەوڵی مسۆگەرکردنی ئاشتی دەدەن. ئێمە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین، کە بە ناوی مرۆڤایەتییەوە کار دەکەن لە دژی ئەو هێرشانەى دەوڵەتی تورک، کە دەیانکاتە سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بوەستنەوە".

هەیسەم خەلیل لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ قەسەدە دووبارە کردەوە و وتی، "بۆ ئەوەى خاکەکەمان رزگار بکرێت، ئێمە پشتیوانی لە قەسەدە دەکەین، ئێمە پشت دەبەستین بە هێزی سەربازییی خۆمان و ئیرادە و ورەی گەل، کە بۆ هەبوونی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان بەرەنگار دەکەن و تێدەکۆشن".

راگەیاندراوکە بە دروشمی، "بژی بەرخودانی قەسەدە" و "شەهید نامرێ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت