لە باکوور- رۆژهەڵاتی سوریا ١.٥ ملیۆن واژۆ کۆکراوەتەوە

دەستپێشخەری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند، کە لە کەمپینەکەیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا کە ٩ی شوبات دەستیپێکرد، تا دوێنێ ١.٥ ملیۆن واژۆ کۆکراوەتەوە.

وتەبێژی دەستپێشخەری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا فەرزەندە مونزور رایگەیاند، کە ئەو واژۆیانەی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان کۆدەکرێنەوە، دوای تەواوبوونی کەمپینەکەیان لە ٤ی نیسان، راستەوخۆ رادەستی ئەنجومەنی ئەوروپا دەکرێن.

فەرزەندە مونزور لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، کە لە ٩ی شوباتەوە لەلایەن دەستپێشخەری گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە سەرجەم شارەکان لیژنەیان سازکردووە و دەستیان بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ کردووە.

مونزور رایگەیاند، کە بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، لە ئاستی سەفەربەری کەوتنە ئامادەباشییەوە کار دەکەن و وتی، "لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا کە بەلای خەڵکیشەوە جێگەی سەرنجە، لە ناو ماڵان و لە ناو رێکخراوە و دامەزراوەکاندا واژۆ کۆدەکرێنەوە، سەکۆ دادەنرێت. تائێستا ١.٥ ملیۆن واژۆ کۆکراوەتەوە. هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ تا ٤ی نیسان بەردەوام دەبێت".

نامە بۆ ١١ دامەزراوەی تەندروستی و ماف و یاسا

فەرزەندە مونزور ئەوەی خستەڕوو، کە پەیوەست بە پێشێلکارییە یاساییەکان لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەندییان بە ١١ رێکخراو و دامەزراوەی وەک پزیشکانی بێسنوور، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی)، کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئەوروپا، دادگای سزای نێونەتەوەیی، دیوانی دادی نێونەتەوەیی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) کردووە و وتی، " رێبەر ئاپۆ وێنا و نوێنەرایەتی گەلێک دەکات، چارەنووسی سیاسی دیاری دەکات. لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ، پێشێلکارییەکی جددی یاسایی لە ئارادایە. لەو هەڵمەتەی کە ٢٩ی شوبات دەستیپێکرد، دامودەزگا و رێکخراوەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەست بە ناردنی نامە دەکەن. ئەو هەڵمەتە بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت".

سی پی تی بە پێی خواستی تورکیا دەجوڵێتەوە

فەرزەندە مونزور بە بیری هێنایەوە کە شاندی سی پی تی لە نێوان لە نێوان ١٣-٢٢ی شوباتدا سەردانی تورکیا کردووە، بەڵام نەچووەتە ئیمراڵی وتی: "ئیمڕاڵی ناوەندی دژوارترین ئەشکەنجەیە. لە کاتێکدا کە گەلی کورد و دۆستانی لە دژی ئەشکەنجە، بۆ شکاندنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی دەنگی خۆی هەڵدەبرێت، بە داخەوە سی پی تی دەچێتە تورکیا بەڵام سەردانی ئیمراڵی ناکات. سی پی تی بە گوێرەی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی و بە پێی خواستی تورکیا دەجوڵێتەوە. دوورە لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی خۆیان. دەبێت سی پی تی جارێکی دیکە بچێتە تورکیا و دەستبەجێ سەردانی ئیمراڵی بکات. لەماوەی یەک مانگدا چوار جار لە مەرمەرە بوومەلەرزە روویدا. دەبێت رێبەر ئاپۆ بتوانێت دەستبەجێ پارێزەر و بنەماڵەکانی ببینێت. ئێمە نازانین لە ئیمراڵی چی روودەدات. دەبێت سی پی تی ئەرکی خۆی بە جێبگەیەنێت".

هـ . ب