لە دیمەشق ٣ هەزار و ٢٠٠ واژۆ بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان کۆکرایەوە

کۆمیتەی دەستپێشخەری گەل بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی واژۆکردن دەستی بەخەبات کردووە، لە دیمەشق نزیکەی ٣ هەزار و ٢٠٠ واژۆی کۆکردەوە.

هەڵمەتی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

کۆمیتەی دەستپێشخەری گەل بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە کردووە. ئەم چالاکییە بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی کۆکردنەوەی واژۆ لە گەڕەکی زۆراڤای دیمەشقی پایتەختی سوریا دەستی پێکرد. ئەندامی کۆمیتەکە حەسەن عەبدوڵڵا سەبارەت بە چالاکییەکانیان بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرجەم چالاکییەکانی دیمەشق و لادێکانی بەشداری هەڵمەتەکە بوون، چونکە دانیشتووان پێیانوایە پڕۆژەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گونجاوترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ لە دیمەشق و لادێکانی ٣ هەزار و٢٠٠واژۆ کۆ کراوەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بەڵێنی خاوەنداری لە بەها و میراتە شۆڕشگێڕییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی بەڕێزی بەرز کرایەوە.