قەسەدە: تا چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە کەمپی هۆل، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان

قەسەدە وردەکاری قۆناغی سێهەمی 'ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی'ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە تا ئێشتا ٣٧ چەتەی داعش دەستگیرکراون.

 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەبارەی وردەکاری قۆناغی سێهەمی 'ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی' کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پاڵپشتی قەسەدە و یەپەژە لە ٢٧ی کانونی دووەمدا دەستیان پێکردووە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هێزەکانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ- قەسەدە-یەپەژە) بۆ پاککردنەوەی کەمپی هۆل لە شانەکانی داعشی تیرۆریست، بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوییان لە ئایندەدا، قۆناغی سێهەمی 'ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی'ییان دەستیپێکرد.

ئەو چەک و تەقەمەنیانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

رۆژی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو: ٢١ی ئەندامی شانەکانی داعش دەستگیرکران، ماددە و کەلوپەلی تیرۆر دەستیان بە سەرداگیرا. ئەوە ئاشکرابوو کە پێویستی بە دەستپێکردنی قۆناغی سێهەمی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی هەبووە و کاتی ئەوە بووە کە بە دەستپێکردنی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوخۆی کەمپەکە بنەبڕ بکرێن. ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئارامترین ناوچە لە رۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی دیکەی جیهان دەستەبەر بکرێت.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا بڕێکی زۆر کەلوپەل و تەقەمەنی، مین، نارنجۆک و تونێل دۆزرانەوە. ئەوەش جارێکی دیکە دەریدەخات کە بەبوونی ئەو هەموو کەلوپەلەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش بوونیان هەیە کە هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. بەڵام هێزەکانمان دەچنە سەر ئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستیان و رێگە نادەن ئایدۆلۆژیای دزێو و گەندەڵیان بڵاوببێتەوە.

لە رۆژانی دووەم و سێهەمی ئۆپراسیۆنەکەدا هێزەکانمان بە دەیان ئەندامی تیرۆریستیان دەستگیرکرد، هەروەها بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا؛ کە پشتێنی خۆتەقاندنەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی گەورەشیان تێدابوو.

دوای چەند کاتژمێر راگرتنی کار و چالاکیەکانی هێزە هاوبەشەکان لە ناو کەمپەکە دیسان گەڕان و پاککردنەوە بەردەوام بوو. لە رۆژانی رابردوودا ناوچەکە جاڕێکی دیکە پاککرایەوەو بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتن بە دەستهێنرا. لەو گەڕان و پشکنینەدا ئەو چەکانەمان دۆزیەوە کە لە ناو کەمپەکە بە مەبەستی پاڵپشتی لە تیرۆریستانی داعش لە ژێر خاک شاردرابوونەوە، لە تەنیشتیشیانەوە تەقەمەنی و نارنجۆکیش دۆزرانەوە، دۆزینەوەی ئەو تەقەمەنیانە هۆکاری دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە پشتڕاست دەکاتەوە.

٣٧ چەتە دەستگیرکران

وەک ئاماری سەرەتایی ٧ رۆژەکە، هێزەکانی ئۆپراسیۆن ٣٧ تیرۆریستی سەر بە شانەکانی رێکخراوی داعشیان دەستگیرکرد، مین و چەکیان دەستبەسەردا گرت، هەروەها چەندین تونێلیش کە بۆ شاردنەوەی ئەندام و چەک بەکاردەهێنران، دۆزرانەوە.

بۆ سەرخستنی ئۆپراسیۆنەکە و کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی سەر هاووڵاتیان، هێزەکانی ئۆپراسیۆن خاڵێکی پارێزراویان بۆ جێگیرکردنی دانیشتوان لە کاتی هەڵمەتی گەڕان و پاککردنەوە دروست کرد، سەرباری بانگەوازی بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە بۆ رێکخراوە ناحکومیەکان بۆ ئەوەی خێمە بهێنن تا بە شێوەی کاتی ئەو دانیشتوانەی کەمپەکە تا کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی گەڕان وپشکنین لەوێ نیشتەجێ بکرێن، بەڵام ئەو رێکخراوانە ئەرکی خۆیان بەجێنەگەیاند. بە روونی دەڵێین کە رێکخراوە ناحکومیەکان هیچ هاوکارییەکی گونجاویان پێشکەش بە دانیشتوان و ئیدارەی کەمپەکە نەکرد.

رێگە بە تیرۆریستان نادەین کە ئاسایش و سەقامگیری کەمپەکە و دانیشتوانی بخەنە مەترسیەوە و ناهێڵین پشێوی بنێنەوە. هەروەها ئۆپراسیۆنەکە لە ناو کەمپەکەدا بە شێوەیەکی پارێزراو ئەنجامدرا و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر هیچ کۆمڵگەیەکی دیکە دروست نەبوو. رێگە بە توندئاژۆیی و توندڕەوی نادەین و ناهێڵین کە رێکخراوی داعش ئایدۆلۆژیای درۆیینەی خۆی لە هەرێمەکە و جیهان بڵاوبکاتەوە. تا کەمپی هۆل و ناوچەکانی دیکەی جیهان پارێزراوتر دەبن، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین".

هـ . ب