'ئامانجمان هێنانەدی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە'

ئەو کەسانەی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالاندا بەشداربوون، رایدەگەیەنن، کە واژۆ کۆکراوەکان ئاراستەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەن و رایانگەیاند، "ئامانجی سەرەکیمان ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە".

دەستپێشخەری گەل بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ٩ی شوباتدا هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆی دەستپێکرد و لە ٤ی نیساندا هاوکات لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو هەڵمەتە کۆتاییهات. هەروەها لە ٨ی نیسانیشدا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانی هەڵمەتەکە ئاشکرا کران.

لەو چوارچێوەدا فەرزەندە مونزور وتەبێژی دەستپێشخەری سوریی بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها نوها عومەر ئەندامی دەستپێشخەریەکە، لەبارەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

فەرزەندە مونزور وتەبێژی دەستپێشخەری سوریی بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە هەڵمەتی کۆکردنەوە واژۆ وتی، "ئەنجامەکانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ رێکخراوەکانی وەک؛ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا، دادگای مافەکانی مرۆڤ و سی پی تی رەوانە دەکرێن. هەروەها نەک هەر بۆ ئەو رێکخراوانە، بەڵکوو ئەنجامی هەڵمەتەکە بۆ سەرجەم رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەش رەوانە دەکرێن."

'هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەردەوام بوو'

فەرزەندە ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان درێژەی پێدرا و وتی، "هەڵمەتەکە کە لە ٩ی شوباتدا دەستیپێکرا و لە ٤ی نیساندا هاوکات لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ کۆتاییهات، واتایەکی گەورەی بەخۆیەوە گرت. ٩ی شوبات بە واتای رێگریکردن لە پیلانگێڕانە. گەلی کورد بە هەموو ئیرادەی خۆیەوە پەیوەستە بەوەوە. بە هەموو گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کە واژۆیان کۆکردووەتەوە دەڵێم، ئێمە سەردەکەوین."

' ٣ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٩٠ واژۆ کۆکراونەتەوە'

فەرزەندە مونزور ئاماژەی بۆ بەرفراوانبوون و بەشداربوون زۆر لە هەڵمەتەکە کرد و وتی، "لە ئەنجامی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆدا بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا، بە گشتی ٣ ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٩٠ واژۆ لە چار و وڵاتانی جیاجیاوە کۆکراونەتەوە. لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بەدەستخرا. ئێمە داوا لە پەرلەمانی ئەوروپا و هەموو رێکخراوە و دامەزراوەکانی دیکە دەکەین، کە کاتی ئەوەیە ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن. رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٦ ساڵە بە بارمتە گیراوە. نمونەی ئەو پێشێلکارییە یاساییە لە هیچ وڵاتێک بوونی نییە و هیچ یاسایەک ئەوە قەبوڵ ناکات".

ژمارەیەکی زۆر واژۆ کۆکرانەوە

نوها عومەر ئەندامی دەستپێشخەری سوریی بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەوەکرد کە ئەو هەڵمەتە بە ئامانجی کۆکردنەوەی ٣ ملیۆن واژۆ دەستیپێکرابوو و وتی، " لەم هەڵمەتەدا لەو ژمارەیەی ئامانجمان بوو، واژۆی زیاتر کۆکرایەوە. هەم پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد، هەمیش هەندێک شاری دیکەی وەک: حەڵەب، حومس و دیمەشق بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداربوون. هاوکات کۆچبەران لە لوبنانیش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد".

نوها ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو واژۆ کۆکراوانە بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەورەپا دەنێردرێن و باسی لەوەکرد: "ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی لیژنەیەکەوە ئەو واژۆیانە بگەیەننە پەرلەمانی ئەوروپا. هەروەها ئامانج لەو هەڵمەتە مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە. لەپێناو ئەوەی ئەوەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن، ئێمە هەوڵی زیاتر دەخەینە گەڕ".

هـ . ب