ئاماری ٦ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی بروسکی جزیر بڵاوکرایەوە

قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەم ئۆپەراسیۆنی بروسکی جزیر لە دژی چەتەکانی داعش دەستپێکرد و ڕایانگەیاند، لە ماوەی ٦ ڕۆژدا ١٣٩ چەتە دەستگیرکراون.

هێزەکانی قەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە هۆل، تل بەراک و تل حەمیس ئۆپەراسیۆنی بروسکی جزیر-یان لە دژی چەتەکانی داعش دەستپێکرد. شەڕڤانانی قەسەدە و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هۆشیاری و هەستیارییەکی زۆرەوە دوای چەتەکان کەوتوون و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و چەتەکان دەستگیر دەکەن.

هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لەماوەی ٦ ڕۆژدا دەیان چەتەی داعش و گومان لێکراو دەستگیرکرد و لێکۆڵینەوە لە گومانلێکراوەکان بەردەوامە.

ئاماری ٦ رۆژی ئۆپەراسیۆنی بروسکی جزیر، کە لەلایەن قەسەدەوە بڵاوکرایەوە؛

*  لە ڕۆژی ١هەمدا ئۆپەراسیۆنی بروسکی جزیر دا لە ناوچەکانی هۆل و تل حەمیس دا، ٥٢ چەتەی داعش دەستگیرکران.

*  لە ڕۆژی ٢هەمدا هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە ٩ قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و ئەو چەتانە، کە هەوڵی ڕاکردنیان دەدا، خۆیان بەدەستەوە دا.

*  لە ڕۆژی ٣هەمدا هێزەکانی ئۆپەراسیۆن ٣٢ چەتەیان لە گوندەکانی ڕۆژئاوای تل حەمیس دەستگیرکرد.

*  هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٤هەمدا ٤٠ چەتەیان دەستگیرکرد، کە ئەو چەتانەیان لە ناودایە، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانیان بەڕێوەدەبرد و دەستیان هەبووە لە چەکدارکردنی چەتەکان دا، هەروەها لە ڕووی لۆجستی و تەقەمەنییەوە چەتەکانیان دابین دەکرد.

*  لە ڕۆژی ٥هەمیندا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە گوندی سمێها لە ڕۆژئاوای تل بەراک و گوندی ئەتە لە ڕۆژئاوای شارۆچکەکە، ٣ کەس بە گومانی پشتگیریی لۆجستی بۆ چەتەکانی داعش دەستگیرکراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە شارۆچکەی هۆلیش دا چوونە سەر شوێنی خۆشاردنەوە و ئەو ماڵانە، کە چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان تیایدا حەشار دەدران. لە ئەنجامدا ١١ چەتە و گومانلێکراو دەستگیرکراون.

*  لە ڕۆژی ٦هەمدا، ڕووبەری ئۆپەراسیۆنەکە بەرفراوانتر بوو و ناوچەکانی سنووری سوریا و عێراقیشی گرتەوە. لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٦٣ کیلۆمەتر لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی هۆل لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەوە پاککرایەوە.  هێزەکانی ئۆپەراسیۆن هەڵیانکوتایە سەر بنکە و بارەگاکان و ٣ کەس دەستگیرکران، کە گومانیان لێدەکرا پەیوەندییان بە چەتەکانی داعشەوە هەبێت.

هەروەها چوار کەس بەتۆمەتی تاوانەکانیان وەک ڕفاندن و تاڵانکردن و هەڕەشەکردن لەدانیشتوانی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی حەسەکە دەستگیرکران. ئەو کەسانە لە ناوچەی هۆل خۆیان حەشاردابوو.

ئۆپەراسیۆنەکە بە وریایی و هەستیارییەوە لە ڕۆژی ٧هەمدا بەردەوامە.

ژ.ت