ئەنوەر موسلیم: ئامانجمان یەکێتیى کورد و چارەسەرییە بۆ سوریا

ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە لەبارەى ئامانجە سەرەکییەکانى حیزبەکەیان لە سەردەمی نوێدا وتی، ئامانجمان یەکڕیزی کوردان، چارەسەریی سیاسیی قەیرانى سوریا لەسەر بناغەى دەستووری دیموکراتیک و تێکۆشانە لە دژی داگیرکەری.

ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى نوێى پەیەدە قسەى بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، دەبوایە ئەم کۆنگرەى ئەمساڵیان لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێوەبچویایە و هەموو ئامادەکارییەکانیشی بۆ کرابوو، بەلام لەبەر هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکە و کۆچبەربوونی سەدان هەزار کەس بووە هۆی ئەوەى بەستنى کۆنگرە دوا بکەوێت.

موسلیم سەرنجی خستەسەر ئەوە، لە ژمارەیەکى زۆر لە نوێنەرانی هەرێمەکانى رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵات بەشداریى کۆنگرەیان کردبوو و رایگەیاند، رۆژەڤی سەرەکیى رووداوەکان و پێشهاتەکانى ناو سوریا و رۆژئاوا لە دەستپێکردنى شۆڕشی رۆژئاوا بە تایبەتى ئەم ٩ ساڵەى دوای بوو و شیکارییان بۆ کرا.

موسلیم وتی: "پەیەدە حیزبی چارەسەرییە. پرۆژەى حیزبەکەمان پرۆژەى دیموکراتیکە بۆ هەموو گەل و پێکهاتەکانى هەرێمەکە. ژمارەیەکی زۆر بڕیار دراون، ئەو بڕیارانەش بۆ راستکردنەوەى کار و خەبەتەکەمانە. هەندێک لەو بڕیارانەش بۆ ئەو حیزبانەیە کە لە بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەردا بەشدارن تاوەکو باشتر ببنە یارمەتیدەر. هەروەها بۆ ئەوەى بتوانن لە رزگارکردنى خاکی هەرێمەکەدا رۆڵی زیاتر بگێڕن. لە رووی سیاسی، دیپلۆماسی و دیموکراتیکەوە بڕیاری نوێ دران.

هاوکات یەکێک لە بابەتەکانى تری رۆژەڤی کۆنگرەکەمان ئەوەبوو، لە رێگەى دیپلۆماسییەوە کار بۆ دادگایکردنى زیاتر لەو ١٠ هەزار چەتەیەى داعش لە رۆژئاوا بکرێت، کە دەستیان بە خوێنى گەلی هەرێمەکە سورە. هەروەها یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد بابەتێکى تری سەرەکی بوو، کە زۆر گرنگە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ هەرێمەکە یەکهەڵوێست بن. خاڵێکى تری گرنگ ئەوە بوو، کە لە ناو کورداندا لە چوارپارچەى کوردستاندا یەکێتیى نەتەوەیى و کۆنگرەى نەتەوەیى رۆژێک لە رۆژان رێکبخرێت. چەندین گفتوگۆی هاوشێوەى ئەو بابەتانە لە کۆنگرەکەدا کران".

موسلیم سەرنجی خستە سەر یەکڕیزیی کورد و لەوبارەیەوە وتی "یەکڕیزیی ماڵی کورد بۆ ئێمەى پەیەدە زۆر گرنگە. ئێمە پێکەوە دەتوانین لە سوریا و هەروەها رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە دژی ھێرشەکان هێڵێکى بەرگری دروست بکەین. هەڵوێستمان لەوبارەیەوە لە کۆنگرەدا روون بوو، بێ شەرت و مەرج ئەوەى بکەوێتە سەر شانمان لە ناوخۆی سوریا و رۆژئاوادا ئەنجامی دەدەین".

موسلیم ئەوەشی وت، ماوەى ٩ ساڵە لە سوریادا قەیرانێکى گەورە هەیە  و وتی "ئەو قەیرانە تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرییەکى لەگەڵ خۆی نەهێناوەتە پێشەوە، بەپێچەوانەوە شارەکان وێران بوون و ئاوارەبوون روویدا".

لە بەردەوامیى شیکارییەکەدا ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە وتی، دەبێت هەموو پێکهاتەکانى سوریا چ کورد، عەرەب، تورکمان، ئاسوری – سوریانی، مەسیحی پێکەوە لەگەڵ هێزە سووری – سووری یەکاندا تێبکۆشن. ئێمە وەک حیزبێک لە ژێر چەتری بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەردا و وەک حیزبێکى کۆمەڵگە لە هەموو روویەکەوە خزمەتى کۆمەڵگە و گەل دەکەین، لە ناو خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک دا لە رووی ئیکلۆلۆژی، کۆمینال و هەموو رووەکانەوە پشتیوانیی خۆمان دەخەیەنەڕوو.

هاوسەرۆکى پەیەدە ئەنوەر موسلیم سەرنجی خستە سەر چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و رایگەیاند، دەبێت بۆ سوریایەکى دیموکراتیک، کە بتوانین پێکەوە بژین و لەسەر ئەو بنەمایە هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتوانى بکەن تاوەکو بتوانرێت داواکانى گەل و یەکڕیزیى گەل بونیات بنرێت.

موسلیم ئاماژەى بەوەکرد، لە ئیدلب بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەوە زۆرێک لە ناوچەکان وێران بوون، خاپوور بوون و خەڵک ئاوارە بوون و وتی "ئێمە وەک پەیەدە لەگەڵ ئەوەدابووین، کە هەموو لایەنەکان و حیزبە سیاسییەکانى سوریا لە چوارچێوەى قەیران و ئەو ناکۆکییەى ئێستادا لەگەڵ یەک کۆببنەوە و چارەسەری بدۆزنەوە. بەڵام بە داخەوە رۆڵی گروپە توندڕەوەکان خراپە، کە دەوڵەتى تورک پشتیوانییان لێدەکات و هەروەها دەوڵەتى تورکیش خۆی نایەوێت کێشەکانى سوریا چارەسەر ببن. سەرباری ئەوانەش ئێمە بانگ لە هەموو هێز و لایەنەکانی سوریا، کە بڕوایان بە دیموکراسی و ئاشتی هەیە دەکەین، کە بێن و ئێمە پێکەوە بۆ چارەسەریى قەیران و ناکۆکییەکانى سوریا و لە پێش هەموانیشەوە بۆ عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی، عەزاز، باب، جەرابلوس و چەندین شوێنى تری داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە تێبکۆشین.

موسلیم سەرنجی خستەر سەر سیاسەتى تورکیا لە ناوچەکە و ناوخۆ و وتی "سیاسەتی هەڵە ئەنجامی هەڵەی لێدەکەوێتەوە. تورکیا لە رووی سیاسی، کۆمەڵگە، ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە قەیراندایە. لە بریى ئەوەى حکومەتى ئاکەپە سیاسەتمەدارانى تورک بە دواى چارەسەری قەیرانى ئێستایاندا بگەڕێن، ناکۆکییەکانی ئێستا قوڵتر دەکەنەوە. رۆژی رابردوو دەیان سەربازی تورک کوژران، ئەوە ئەنجامی سیاسەتى هەڵە بوو. بۆ ئەوەش دەبێت گەلانى تورکیا لەگەڵ پێکهاتەکانى هەرێمەکە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و ناڕەزایەتى دەرببڕن. بۆ ئەوەى بتوانن کێشەکانی ئێستا لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکەن، چونکە رێبازی شەڕ لە هەموو شوێنەکان بێ ئەنجامە. بۆ ئەوەش دەبێت گەلانی تورکیا لەوە باش تێبگەن، دەبێت ئێمە پێکەوە تێکۆشانمان بۆ ئاشتی بکەین. شەڕی سوریا، ئیدلیب و لیبیا لە بەرژەوەندیى گەلانى تورکیادا نییە".

موسلیم باسی بوونی رووسیا و ئەمریکای لە سوریا کرد و رایگەیاند، هەر دو کیان لە هێزە گەورەکانن لە سوریا و وتیشی "رۆڵێکى گەورە لە چارەسەرکردنى ناکۆکییەکاندا لە سوریا دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. ئاڵۆزییەکى گەورە لە گۆڕێیە، ئێستا ژمارەیەکى زۆر هێز هاتوونەتە هەرێمەکە. ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی رووسیا و ئەمریکا دەبێت نوێنەرایەتیى هەموو بەش و پێکهاتەکان بێت. پێویستە لە رووی چارەسەرییەوە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئامادە بن. بە تایبەتى دەبێت هەموو لایەنەکان لە دانیشتنەکانى جنیڤ دا بەشدار بن. ئەوەش لە ئەستۆی رووسیا و ئەمریکایە، کە هەموو لایەنەکان بەشدار بن یان نا. بە تایبەتى بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا و هەموو پێکهاتەکان دەبێت بەشداری لەو دانیشتنانەدا بکەن. نوێنەریان لە نووسینەوەى دەستووری بنەڕەتیدا هەبێت بۆ ئەوەى ناکۆکییەکانى ئیستا چارەسەر ببن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە سەرنجی خستەسەر هەڵوێستى لایەنەکانى باشووری کوردستان و دڵخۆشیى خۆی بەرامبەر بە هەڵوێستیان و یەکڕیزیى ماڵی کورد خستەڕوو و وتى "هەر هەنگاوێک بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد بنرێت ئێمە بۆی ئامادەین. سەرباری ئەوەش بە داخەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چاوشئۆغڵو زیانی دەبێت. بۆ ئەوە دەبێت ئێمە هەندێک بڕیاری جدی بدەین کە هێرش و داگیرکەری تێکبشکێنین تاوەکو ئەم گەلە ئاسوودە بێت. دیسانەوە پێویستە هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان پشتیوانى لە رۆژئاوا بکەن".

ئەنوەر موسلیم لە کۆتایدا سەرنجی کێشایە سەر رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئاشی و ئازادیى گەلان و وتی: "گۆشەگیرییەکی قورس خراوەتە سەر بەڕێز ئۆجالان. داواى ئێمەش ئەوەیە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەى ئەنجام بدات. نیگەرانیى گەلانى رۆژئاوا لە دواى کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی زۆر زیاتر بووە. هەم وەک گەل و هەم وەک حیزبێک، کە نوێنەرایەتیى ئەم گەلە دەکات دەمانەوێت بە خێرایى چاوپیکەوتن لەگەڵ پارێزران و بنەماڵەکەیدا ئەنجام بدرێت. تاوەکو لەبارەى دۆخی تەندروستییەوە زانیاریی روون بڵاوبکرێتەوە".

ئەنوەر موسلیم کێیە؟

ئەنوەر موسلیم لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاواى کوردستان لە دایکبووە. دواى ئەوەى کۆلێژی حقوق و مافی لە زانکۆی حەلەب تەواو کرد بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لە کۆبانێ کاری پارێزەریی کرد.

لەگەڵ دەستپێکردنى شۆڕشی رۆژئاوا بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیر. لە بەرخودان و شەڕی کۆبانیدا بەشداریکرد و یەکێک لەو کەسانە بوو وتى "کۆبانێ بۆ داعش دەکەینە گۆڕستان".

ئەنوەر موسلیم دوایین ئەرکی هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەری هەرێمى فورات بوو.

لە چەند رۆژی رابردووشدا و لە کۆنگرەى پەیەدادا بە هاوسەرۆکى پەیەدە هەڵبژێردرا.

ژ.ت