تەرمی ٧ شەهیدی قەسەدە بە مەراسیمێکی شایستە بەخاک سپێردران

تەرمی ٧ شەهیدی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە کە لە شوێن و بەرواری جیاوازدا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهید بوون، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بەخاک سپێردران.

بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی دانیشتووی ناوچەی دێرک تەرمی ٧ شەهیدی قەسەدە، بە ناوەکانی وەئێل عومەر (زنار بۆتان)، سالح ئیبراهیم (خەبات) و ٥ شەهیدی دیکە کە لە شوێن و بەرواری جیاوازدا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهید بوون، لە گۆڕستان شەهید خەبات دێرک بە خاک سپێردران.

تەرمی شەهیدان بە ئامادەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی دێرکەوە بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهید خەبات دێرکەوە بەڕێکران. لە گۆڕستانەکە، مەراسیمێک رێکخرا و سەرەتا ئامادەبووان خولەکیک وەکو رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان بێدەنگ بوون. دواتر حەمید جودی کە یەکێکە لە فەرماندەکانی یەپەگە قسەی کرد و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان کرد و وتی:"هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر بە پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک بوەستێتەوە کە بنچینەکەی فکر و رامانی ئۆجالانە."
جودی جەختیشی کردەوە، تا ئەو رۆژەی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، رزگار دەکەن، لە خۆڕاگریدا بەردەوام دەبن.

دواتر هەیفا عەبەرۆ کە یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و ئەویش سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان کرد و بەڵێنی دووپات کردەوە کە ئامانجی شەهیدان بەجێ دەگەیێنن و وتی:" ئەوا چەندین ساڵە گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دژی هێرشی چەتەکانی داعش، بەرەی ئەلنوسرە و دەوڵەتی تورکی فاشیست دەوەستنەوە کە هەموو شێوازەکانی دژی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر گەلانی ناوچەکە و پرۆژەکەیان بەکار دەهێنن."

عەرەبۆ هەروەها رایگەیاند، گەلانی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ لە هەموو رۆژیک زیاتر نزیکن لە ئازادی، چونکە وابەستەن بە بڕیارەکانیان بۆ تیکۆشان و خۆڕاگری.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە وتنەوەی دروشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان، تەرمی ٦ شەهید لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بەخاک سپێردران و تەرمی شەهید خەبات ئیبراهیمیش بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێت، رەوانەی گۆڕستانی شەهیدانی تل کۆچەر کران.

ز.ش