دەوڵەتی تورک هاوڵاتیەکی ٨٠ ساڵەی عەفرینی رفاند و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتی

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین، هاوڵاتیەکی ٨٠ ساڵانیان بە ناوی عارف عەبدۆ خەلیل کە لە ٩ی حوزەیراندا رفاندبوویان، کوشت.

بە پێی زانیاریەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، هاوڵاتیەک بە ناوی عارف عەبدۆ خەلیلی ٨٠ سالان لە لایەن گروپی چەتەکانی سوڵتان مورادەوە لە ٩ی حوزەیراندا لە گوندی قزلپاشای ناوچەی بلبلی عەفرین، دوای ئەوەی رفاندوویانە، بە ئەشکەنجەیەکی زۆر کوشتویانە.

تەرمی عارف لە ١٠ی حوزەیراندا لە گوندی مەیدانکێی ناوچەی شەڕا دۆزرایەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر لاشەی ناوبراو بینراوە و بڕێک پارەشی کە پێ بووە، لێی دزراوە.

عارف عەبدۆ خەلیل کە لە لایەن خەڵکەوە وەکو عارفی خاتوون دەناسرا، نەیدەتوانی بڕوات (ڕێبکات) و بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە تووشی چەندین نەخۆشی ببوو.

هەمان گروپی چەتەکان کە سەر بە دەوڵەتی تورکە، ٢٣ی ئایاریش کچێکی هەرزەکاری ١٦ ساڵانیان رفاندبوو، دواتر لە ٥ی حوزەیراندا تەرمەکەی لە گوندی فرزیەی سەر بە عەزاز دۆزرایەوە.

هەرێمی عەفرین لە مانگی ئازاری ٢٠١٨وە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراوە. لە ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت و ماڵی هاوڵاتیان بە تاڵان دەبرێت.

٩ی حوزەیرانیش لە گوندی رەجۆی سەر بە ناوچەی مەعبەتا ٨ هاوڵاتی مەدەنی لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە رفێندرابوون و لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارەیان کردووە.

ز.ش