دەوڵەتی تورکیا ناسنامەی عەلەوییەکان-ی عەفرین دەگۆڕێت

دەوڵەتی تورکیای داگیر کەربە زۆر ناسنامەی تورکی بۆ عەلەوییەکانی عەفرین دەردەکات،و بە نیازە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٤ی پووشپەڕ بەکاریانبهێنێت.

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیر کەری تورکیا و چەتەکانی لە عەفرین بەردەوامە، ئەمجارە فشار لە گەلی عەفرین دەکەن، هەروەها دیموگرافیای ناوچەکە دەگۆڕن و دەستکاری ناسنامە و چاندی عەفرینییەکان دەکات، عەلەوییەکانی عەفرینیش ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە.

بە پێی هەواڵیک کە لە ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاوبووەتەوە، سەرچاوەکان لە عەفرینەوە زانیارییان داوە، کە دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی عەلەوییەکانی عەفرین لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٤ی پووشپەڕ دا تورکیادا بەکاربهێنێت، ناسنامەی تورکییان بۆ دەردەکات.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو، کە دەوڵەتی تورکیا بەزۆر ناسنامەی تورکییان داوەتە دانێشتووانی گوندی کۆکانێ-ی سەر بە شارۆچکەی ماباتای عەفرین.