رۆژنامەگەریى کوردى تاوەکو چ ئاستێک وەڵامدەرە؟

ئەوانەى دوکەڵ دەکەن هەر وەک ئاگری ئەو پوشەن، کە زوو کڵپە دەستێنێت و خێرا کۆتایى پێدێت، بەڵام ئەو کەسانەى راستییە تاڵەکان و ئازارەکانى ئەم گەلە بڵاودەکەنەوە و ئازارەکان دەبینن دەبنە وەڵامدەر.

ئەوانەى دوکەڵ دەکەن هەر وەک ئاگری ئەو پوشەن، کە زوو کڵپە دەستێنێت و خێرا کۆتایى پێدێت، بەڵام ئەو کەسانەى راستییە تاڵەکان و ئازارەکانى ئەم گەلە بڵاودەکەنەوە و ئازارەکان دەبینن دەبنە وەڵامدەر.

راگەیاندن و چاپەمەنیی کورد تاوەکو چ ئاستێک لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا بەرپرس بووە؟ ئەوە بابەتێکى دوور و درێژە و پێویستى بە لێکۆڵینەوەیە، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیرى هێڵە گشتییەکانى ئەم ساڵانەى دوایى دەکات ئەوەى بۆ روون دەبێتەوە، کە چاپەمەنى و راگەیاندنى کوردی بەپێى پێشکەوتنى کۆمەڵگا نەبووە و لاواز بووە. دەبوایە بە پێچەوانەوە راگەیاندن لە پێشەوە بوایە، بەڵام ئەوە رووینەدا. سەربارى هەموو ئەوانەش لە رۆژئاواى کوردستان لەو بوارەدا ڕەنجێک دراوە بۆ ئاشکراکردنى ڕاستییەکان و بۆ ئەوەش چەندین پەیامنێر و رۆژنامەنووس شەهید بوون.

لەم نووسینەدا قورسایى دەخەینە سەر راگەیاندن لە رۆژئاوا، چونکە ماوەى ٧ ساڵە گۆڕانکاریى گەورە لە کوردستان ڕوویانداوە.

لەسەردەمی رژێمى بەعسدا راگەیاندن و چاپەمەنی تەنها خەون بوو. هیچ شتێک بە ناوى راگەیاندنەوە نەبوو.

دواى شۆڕشى ١٩ى تەمووز / ٢٩ى پووشپەڕ شۆڕشى راگەیاندنیش دەستیپێکرد. رادیۆ، ماڵپەڕ، تەلەفزیۆن، رۆژنامە و گۆڤاری کوردى دەستیان بە پەخش و بڵاوکردنەوە کرد. کاتێکیش راگەیاندنى کوردی و جیهانى بە یەکتر بەراورد بکەین، ئەوا دیسانەوە راگەیاندنى کوردى لاوازە.

هەڵسەنگاندن بۆ دۆخى ئێستاى راگەیاندنى کوردی دەکرێت بەمشێوەیە بێت، هەموو کات لە ژێر کاریگەریى سیاسەتێکى بەرچاوتەنگدا بووە. زۆر جار ئەو هەواڵانە بڵاوکراونەتەوە، کە دەبنە هۆى پارچەکردنى کۆمەڵگە و کۆمەڵگە بەرەو ڕێگایەکى چەوت ئاراستە دەکەن و ئەوەش بەناوى راگەیاندنى ئازادەوە ئەنجام دەدرێت. زۆرجاریش چەمکى ئازادى بە خراپ بەکارهێنراوە.

لە دونیاى ئازاد دا راگەیاندن مافە، ئەرک و بەرپرسیارێتییە و جگە لەوەش شتێک نییە بە ناوى ئازاداییەوە.

بۆ هەموان روونە رۆژئاوا لە ئێستادا لە قۆناغێکى زۆر هەستیاردایە. لە رووى ئارامی، کۆمەڵایەتى، رۆشنبیری و سیاسییەوە تاوەکو ئێستا شەڕ رانەوەستاوە و بە دۆخى کۆمەڵکوژیدا گوزەر دەکات. ئەو شەڕە تەنها ناکەوێتە سەر شانى راگەیاندن. پێویستە ڕێکخراوەکان و دامودەزگانی تر بۆ ئەو دۆخە ببنە وەڵامدەر. ئێستا ئەو پرسیارە لە مێشکى زۆرێک لە هاووڵاتیانى کورددایە، راگەیاندن لەم قۆناغەى کۆمەڵگەدا تاوەکو چ ئاستێک بووەتە وەڵامدەر؟

بۆ ئەوەى مرۆڤ وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە، دەبێت لێکۆڵینەوەیەکى جدى لە ناو راگەیاندنەکاندا بکرێت. لێرەدا قسەکەم لەسەر راگەیاندنێکە کە لەگەڵ کۆمەڵگەدا ئازار دەچێژێت و دەیەوێت ببێتە وەڵامدەر و تاوەکو ئێستا لە هەوڵەکانى بەردەوامە. دەبێت چوارچێوە و بنەمای هەواڵ و وەرگرتنى هەواڵ و زمانى قورس لەبەرچاو بگیرێت. تەکنەلۆژیا زۆر بەرەوپێشچووە، ئیتر کەس ناتوانێت هەواڵى درێژ، هەواڵێکى درێژ کە بایەخى نەبێت و سەرنجڕاکێش نەبێت، ناخوێنێتەوە. هەموان ڕوو لە هەواڵی کورت و سەرنجڕاکێش دەکەن.

سەربارى هەموو ئەوانەش لەو بڕوایەدام رۆژنامەگەریى کوردى بەرەوپێش دەڕوات. ئەوانەى دوکەڵ دروست دەکەن وەک ئاگری ئەو پووشەن، کە بەخێرایى ئاگر دەگرێت و بە خێرایش دەکوژێتەوە. هەر ئەو کەسانەى کە راستییە تاڵەکان، ئەو راستییانەى بۆ ئەم گەلەش ئازاربەخشن بڵاو دەکەنەوە، دەبنە وەڵامدەر. ئەوانە لەبەرچاو نەگرین ئەوا هەموو کات راگەیاندنى کوردى بە لاوازى دەمێنێتەوە و خۆى دووبارە دەکاتەوە.