سەربازانى تورکیا لە سەرێکانیى حەسەکە ٢ هاووڵاتییان بریندار کرد

هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا تەقەیان لە گەڕەکێکى ناوچەى سەرێکانیى سەر بە کانتۆنى حەسەکە کرد. بەهۆی ئەو هێرشەى سەربازانى تورکیاوە ٢ هاووڵاتى برینداربوون.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە ناوچەى سەرێکانییەوە بە دەستمان گەیشتوون، سەربازانى تورکیاى داگیرکەر کاتژمێر ١٠ى پیشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هێرشیان ئەنجامداوە. بەهۆی ئەو هێرشەیانەوە ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانى موسا عابید هرۆ و عەلی ناجی عەلی لە نزیک سایلۆى گەنم لە گەڕەکى مەهانەت، برینداربوون.

هاووڵاتییان ئەو ٢ کەسە بریندارەیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەى رۆژ لە سەرێکانی. دوای چارەسەریى سەرەتایى رەوانەى نەخۆشخانەى حەسەکە کران.

ئەو هێرشە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە، کە سوپاى تورکیا جموجوڵە سەربازییەکانى لەسەر سنوورى سەرێکانی زیادکردووە. سوپاى تورکیا ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی لە سنوورى سەرێکانی و گرێ سپیدا جێگیرکردووە.

ر.م