سەرەک چەتە نوێکەی داعش لە ئەنقەرەیە

سەرەک چەتەی نوێى داعش، مەحمود عەبدولڕەحمان مەولا سەلبی (حاجی عەبدڵا، عەبدوڵا قارداش) ماوەی ساڵێکە لە دیلۆک و ئەنقەرە لە ژێر کۆنترۆڵی میت دایە.

سەلبی لە دواى کوژرانى بەغدادی بووە سەرەک چەتەی نوێی داعش. سەرەک چەتەی نوێی داعش لە دیلۆک و ئەنقەرە و لە ژێر کۆنترۆڵی میت دا سەرلەنوێ داعش رێکدەخاتەوە و ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات لە عێراق بەرەیەکى نوێ دروست بکات.

لەبارەی پەیوەندیى تورکیا و داعش تاوەکو ئێستا ژمارەیەکى زۆر بەڵگە و راپۆرت و چاوپێکەوتن و دانپیانانی چەتەکانى داعش بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئێستا ئەوەش ئاشکرا دەبێت، کە لە دوای کوژرانى بەغدادی داعش بە تەواوەتی کەوتوەتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا. بەپێى زانیارییەکان و سەرچاوەکانی ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)، سەرەک چەتەی نوێی داعش بە ناوی ئەمیر موحەمەد عەبدولڕەحمان مەولا سەلبی لە تورکیایە و لە ژێر کۆنترۆڵی دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی تورک (میت) لە دیلۆک و ئەنقەرە کار بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەى داعش دەکات.

زیاتر لە ساڵێکە لە تورکیایە

سەلبی لە ناو داعش دا بە حاجی عەبدوڵا و عەبدوڵا قارداش-یش دەناسرێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا بۆ ئەوەى بڕوات بۆ تورکیا  چووە ئیدلب، بەڵام ساڵی ٢٠١٧دا لە ناوچەى دێرەزۆر بەهۆی ناکۆکیی ئایدۆلۆژی – عەقیدەیى لە ناو داعشدا بەپێى فەرمانی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئیدلبەوە گەڕایەوە بۆ دێرەزۆر بەشداریى کۆبوونەوەکان بوو بۆ کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکان و لە  کۆتایى ساڵی ٢٠١٧دا دووبارە چوویەوە بۆ ئیدلب و لەوێوە رۆیشت بۆ تورکیا.

ماوەى ساڵێکە بە هیچ شێوەیەک لە تورکیا دەرنەچووە

سەلبی ماوەى ساڵێکە بە هیچ شێوەیەک لە تورکیا نەچووەتە دەرەوە. لە دیلۆک و ئەنقەرە بارەگای هەیە. بە زۆری لە دیلۆک دەمێنێتەوە. لە ژێر کۆنترۆڵی میت دا لەگەڵ ئەندام بڕواپێکراوەکانى داعش کۆبوونەوە رێکدەخات و چەتەکان سەرلەنوێ رێکدەخاتەوە.

 کۆبوونەوەى ١٥ی تشرینى دووەم لە دیلۆک

سەلبی لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٤ی گەڵاڕێزان لە دیلۆک لەگەڵ ١٣ بەرپرسی باڵاى داعشی خەڵکی تورکیا، عێراق و سوریا کۆبوونەوەیەکى رێکخست. ئەو کۆبوونەوەیە لە ژێر کۆنترۆڵی میت دا رێکخرا. چەند بڕیارێک لەو کۆبوونەوەیەدا دران، کە بریتین لە:

* پلان دانراوە بۆ ئەوەى لە سوریا ئەو شانەنوستوانەى تورکیا دروستیکردوون و شانە نووستووەکانى داعش پێکەوە لە دژی هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، هێزە دیموکراتیک و مەدەنییەکانی سوریا هێرش ئەنجام بدەن و هاوکات هێرشیش بکەنە سەر رژێم.

ئەندامانی داعش رەوانەی ناوچەى 'ویلایەتى جزیرە' بکرێن، کە سەدا ٤ی خاکی عێراق لە ویلایەتەکانى سەڵاحەدین، نەینەوا و ئەنبار پێکدەهێنێت و ناوچەیەکى چۆڵەوانییە. لە رێگەى هەندێک لە ئەندامانى داعش لە سوریا و تورکیا 'شانەکانیان' لە ئەوروپا ببرێن بۆ تورکیا و لەوێوە رەوانەى ناوچەکە بکرێن.

ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیادا

سەلبی بە بەردەوامی پلانەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ میت دا دادەڕێژێت. لەو چوارچێوەیەشدا ئەو ئەندامانەى داعش کە سوودیان نەماوە و ئەوانەى دەیانەوێت لە داعش جیا ببنەوە، یان لە 'خەلیفە ناڕازین' لە رێگەى پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر دەکرێن. بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ئاسایش لە کۆتایى تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا '٢٦ی ئۆپراسیۆنی لە دژی رێکخستنە تیرۆریستییەکانى داعش لە ٢١ شاری تورکیادا' ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ١٠٠ کەس دەستگیرکران. ئەو ئۆپراسیۆنە پلانسازیى هاوبەشی داعش و میت بوو. لەو رێگەیەوە کۆتایى بە ناکۆکییەکانى ناو داعش دەهێنرێت و سەلبی و تیمەکەى لە ناو داعشدا باڵادەست دەکرێن، هەروەها تورکیاش لە ئاستی نێونەتەوەیى بانگەشەى ئەوە دەکات کە 'جەنگ لە دژی داعش' دەکات.

رادەستکردنى ئەبو زەید بە عێراق لەو چوارچێوەیەدا بوو

بەپێی وتەى ئەو چەتانەى داعش، کە لە دەستی قەسەدە دان، لە ناکۆکیى ناوخۆیی رێکخستن دا لە نێوان باڵی رادیکاڵی پێکهاتوو لە چەکدارە بیانییەکان و باڵی 'ناڕازی'، کە لەسەر هێڵی قاعیدەن، باڵی 'ناڕازی' واتە هێڵەکەى قاعیدە سەرکەوت. سەلبی، کە ئەندامێکى باڵاى داعشە لە ناو ئەو گروپەى قاعیدەدا بوو. داعشەکان رایانگەیاند، ئەبو زەید عێراقی (ئیسماعیل عیساوی)، کە لە شوباتی ٢٠١٨دا لە تورکیا 'دەستگیرکرا' و رادەستی عێراق کرایەوە بەهۆی ناکۆکی لە ناو باڵە رادیکاڵەکەدا بوو لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٧، کە داعش بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرد. داعشەکان رایانگەیاند، ئەو زەید عێراقی بەهۆی فەرمانى دەستگیرکردنەکەى لە ناو داعش هەڵهات و سەرەتا چوە ئیدلب و لەوێشەوە رایکرد بۆ تورکیا. داعشەکان راشیانگەیاند، لە تورکیا بەپلانى هاوبەشی نێوان سەلبی و تیمەکەى و میت دەستگیرکرا و رادەستی عێراق کرایەوە.

براکەى لە ناو بەرەی تورکمانیدایە

موحەمەد عەبدولڕەحمان مەولا سەلبی (حاجی عەبدڵا، عەبدوڵا قارداش)، کە دواى کوژرانى بەغدادی لەلایەن داعشەوە بە 'خەلیفە' راگەیەندرا بە ناوی ئەبو ئیبراهیم هاشم قوڕەشی ناسێنرا، کە تورکمانێکى خەڵکی تەلعەفەرە. برایەکی سەلبی بە ناوی عادل سەلوی لە ناو بەرەی تورکمانی عێراقدایە و لە تورکیا کاروبارەکانى ئەو بەرەیە ئەنجام دەدات.

ژ.ت