"شۆڕشەکەمان بەرهەمی ڕەنجی ٤٠ ساڵە"

هەدیە ڕامۆ کە بە شێوەیەکی چالاک بەشدارە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوادا و تەنانەت منداڵەکانیشی کردووە بە شەڕڤان. جەختی لەوە کردەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەنجامی تێکۆشانی ٧ ساڵ نییە، بەڵکو ئەو شۆڕشە بەرهەمی تێکۆشانی ٤٠ ساڵە.

هەدیە ڕامۆ دایکێکە کە ساڵی ١٩٩٥ بە تێکۆشانی ئازادیی کورد ئاشنا بووە. هەنگاو بە هەنگاو، پەیوەندیی خۆی بە تێکۆشانی ئازادییەوە بەهێزتر کردووە و بووە بە یەکێک لە کەسە ڕەنجدەرە کۆنەکانی ئەو تێکۆشانە. ڕامۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لە نزیکەوە بینیوە و گوێی لێگرتووە. بەهۆی پشتیوانیشی لە تێکۆشانی ئازادیی کورد، دوو جار لەلایەن ڕژێمی بەعسی سوریەوە زیندانیی کراوە.

هەدیە رامۆ، لە سەرەتاوە هەتا ئێستا، لەناو شۆڕشی ڕۆژئاوادا جێی گرتووە. سێ کوڕی بەشداری نێو ڕیزەکانی یەپەگەن. ئێستا ڕامۆ هاوسەرۆکی شارەوانیی شەهید کامەرانە لە قامیشلۆ. هەروەها لەناو ڕیزەکانی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی ژنان 'هەپەجە-ژن' دا بەشدارە و کۆڵان و گەڕەکەی خۆی دەپارێزێت.

هەدیە ڕامۆ جەختی لەوە کردەوە کە تێکۆشانی ئازادیی کورد و شۆڕشی ڕۆژئاوا تێکەڵ بەیەکتر بوون و وتیشی "شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەنجی ٧ ساڵ نییە، بەڵکو ئەو شۆڕشە بەرهەمی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەیە".

"شۆڕشەکەمان بە قوربانی زۆر گەورە پێشکەوتووە"

سەرەڕای فشار و زۆرداریی ڕژێمی بەعسی سوری، ماڵی هەدیە ڕامۆ، لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بۆ گەریلاکان وەک قوتابخانەیەک بوو. لە دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاواشدا وەک ناوەندێکی ئامادەکردنی شۆڕش ماڵەکەیان بەکاردەهێنرا.

هەدیە ڕامۆ دەستنیشانی کرد، پاش ئەوەی یەک لە سیمبولەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا شەهید خەبات دێریک بۆ ئامادەکاریی شۆڕشە ڕۆیشتووەتە ماڵەکەیان، ئیدی تێگەشتن کە شۆڕش ئەنجام دەدرێت و ئەویش وەک دایکێک جێگەی خۆی لەو شۆڕشەدا کردەوە.

هەدیە ڕامۆ ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنها منداڵەکانی، بەڵکو زۆربەی گەنجان، پۆل بە پۆل پەیوەندییان بە ڕیزەکانی یەپەگەوە دەکرد و وتیشی "منداڵانی دراوسێکانمان و خزمەکانمان، زۆربەی گەنجەکانیان بەشداری نێو ڕیزەکانی یەپەگە بوون. کاتێک کە هێرش لەسەر شۆڕش دەستیپێکرد، زۆر فەرماندەی فیداکار شەهید بوون. زەحمەتی و کەیفخۆشیمان بەیەکەوە بوو. بەڵام وەک دایکان کە زۆرترین تەحەدا لە ئێمە دەکرا، ئەوەبوو، کە ڕۆژانە شەهیدمان وەردەگرتەوە. ڕۆژی وا هەبوو ١٥، ڕۆژی واش هەبوو ٣٠ شەهیدمان بەیەکەوە بەخاک دەسپارد. شۆڕشەکەمان بە قوربانیی زۆر گەورە پێشکەوتووە. ئەوان گیانی خۆیان دەکردە قوربانی و ئێمەش دەبوایە بەردەوامی بە ڕەنجی خۆمان بدەین".

"شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ڕۆڵەی ئێمەن"

هەدیە ڕامۆ بە شێوەیەکی چالاکانە جێگەی خۆی لەناو دەزگاکانی شۆڕشدا گرت، بۆئەوەی کەمێک باری سەرشانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە سووک بکات لەبەرەکانی شەڕ لەگەڵ دایکانی هاوڕێیدا خواردنی بۆ شەڕڤانان دروست دەکرد. دەربارەی ئەو کاتانە هەدیە ڕامۆ وتی "ئێمە خواردنمان دروست دەکرد و دەمانبردە بەردەم یەکینەکان. نەک تەنها لە قامیشلۆ، بەڵکو ئێمە دەچووینە بەرەکانی شەڕ لە ناوچەکانی دەوروبەری قامیشلۆ. جاری وا هەبوو کە ١٠ هەتا ١٥ مەن ساوەرمان لێدەنا. جاری واش هەبوو گۆشتمان لێدەنا و دەمانبرد بۆ ڕۆڵەکانی خۆمان. شەڕڤانان هەموویان ڕۆڵەی ئێمە بوون و ئێمەش نان و ئاومان بۆ دەبردن. شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، هەموویان ڕۆڵەی ئێمە بوون".

"بە ڕەنجی زۆری ڕێبەرێتیمان سەرکەوتین"

هەدیە ڕامۆ بە بیری هێنایەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە یەکێک لە کوڕەکانی وتبوو کە ئینشائەڵا دەبێتە عەگیدێک، هەدیە دەڵێت، ئێستا ئەو کوڕەی یەکێکە لە فەرماندەکانی یەپەگە.

هەدەی ڕامۆ وتیشی "منیش بە هەموو منداڵەکانمەوە سەربەرزم. سەرەتا پارە نەبوو، نە جلوبەرگ هەبوو، نە فیشەک هەبوو. چەتەکانیش بە شێوەیەکی سەخت و قورس هێرشیان دەکرد."

درێژەی پێدا و وتیشی "کاتێک کە من و ژنە دراوسێکانمان بینیمان کە ڕۆڵەکانمان هەڵیانکێشاوەتە چەک و خاکی خۆیان دەپارێزن، زۆر دڵخۆش بووین. بەو سەربڵندییەوە بەڵێنمان دا کە ئێمەش لەپشت ڕۆڵەکانمان بین. هەتا ئێستاش ئێمە لە پشتیانین. ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد کە وەک گەلی کورد هێزی چەکدارمان هەبێت، هێزی ژنانی ئێمە دروست ببن، پێشتر ئێمە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری خۆمان لە ١٥ ی ئابدا، بە نهێنیی پیرۆز دەکرد. بەڵام ئێمە سەرکەوتین. بەسایەی ڕەنجی گەورەی ڕێبەرەکەمانەوە، بە کوڕ و کچی خۆمان سەرکەوتین".

ر.م