لە حەسەکە تەرمی سێ شەهیدی قەسەدە بەخاک سپێردران

هاوڵاتییانی شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری، تەرمی سێ شەهیدی قەسەدە بە ناوەکانی ئالان دەروێش ، نەجدەت حەمادە و جاسم ئەل-لوێد-یان بە مەراسیمێکی شایستە لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودییە، بەخاک سپارد.

بە سەدان هاوڵاتییانی شاری حەسەکە و دەوروبەری تەرمی هەر یەک لە شەهیدان ئالان دەروێش (هۆگر حەسەکە)، نەجدەت حەمادە (عادل شەڕڤان) و جاسم ئەل-لوێد (بەسێل حەسەکە)یان لە ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانەوە وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودییە بەڕێکرد.

ئامادەبووان لە گۆڕستانەکە سەرەتا وەک رێزێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی، خولەکیک بە بێدەنگی وەستان و دواتر مەراسیمێکی سەربازی ریکخرا.

دوای مەراسیمەکەش عبدوالرزاق ئەحمەد لەسەر ناوی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان و حسێن سەلمۆ بە ناوی ئەنجومەنی سەربازی حەسەکە قسەیان کرد و سەرەخۆشییان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان کرد.

لە پەیامەکاندا، باس لەوە کرا کە لە سایەی شەهیدانی گەلی ناوچەکە، چەندین دەستکەوت بەدی هاتوون و بەڵێنیش دووپات کرایەوە کە بەردەوام دەبن لە سەر رێگای شەهیدان.

دواتر رۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان ناسنامەی شەهادەتی شەهیدانی خوێندەوەو رادەستی خانەوادەکانی کرد. لە کۆتایشدا بە وتنەوەی دروشم تەرمی شەهیدان بەخاک سپێردران.

ز.ش